زیندانییەکی سیاسی دوای بڕیاری ئازادکردنی گیانی لەدەستدا

زیندانییەکی سیاسی کە نەخۆش بوو لە ڕۆژی بڕیاری ئازادکردنیدا لە زیندانی دەوڵەتی تورکدا، گیانی لەدەستدا.


سەبری کایا، زیندانی سیاسی کورد کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە لەزینداندابوو، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لە زیندانی شاری عوسمانییەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی بالجالی لە شاری ئەدەنە، هەر ئەو ڕۆژەی بڕیاری ئازادکردنی درا، گیانی لەدەستدا.

نەخۆشخانەی حکومیی عوسمانیە، ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر کایا، ڕایگەیاندبوو: "ناتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە"، دواتر هەر ئەو ڕۆژە برایە نەخۆشخانەی بالجالی لە شاری ئەدەنە، بەڵام دادوەری گشتی عوسمانیە، دوێنێ بڕیاری ئازادکردنی سەبری کایای دەرکرد و دوای ئەوەش گیانی لەدەستدا.

کایا ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خانەوادەکەی، باسی دۆخی تەندروستیی خۆی کردبوو وتبووی: "چیتر بەرگە ناگرم، من دەمرم". 

ک.س