زەردەشتییەکانی کوردستان ناوماڵی خۆیان یەکدەخەن

پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتیی هەوڵی یەکخستنی ناوماڵی خۆیان دەدەن، لەو چوارچێوەیەدا دوو ڕێکخراوی زەردەشتیی لە شاری سلێمانی سەرای زەردەشتیانی کوردستان-یان دامەزراند، کە بەوتەی خۆیان دەبێتە چەتری کۆکردنەوەی ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی پەیڕەوی ئەو ئاینە.


ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، هەردوو ڕێکخراوی مەرێ بۆ فەلسەفەی زەردەشتی و ڕێکخراوی یەسنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئاینی زەردەشتی، دامەزراندنی سەرای زەردەشتیانی کوردستان-یان ڕاگەیاند.

ئاوات حسامەدین، بەڕێوبەری ڕێکخراوی یەسنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئاینی زەردەشتی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرای زەردەشتیانی کوردستان هەموو ڕێکخراوەکانی زەردەشتیی لەخۆ دەگرێت و هەرکەسێکیش بییەوێت ڕێکخراو لەچوارچێوەی فەلسەفەی زەردەشتیدا دابمەزرێنێت، دەبێت مۆڵەت لەو سەرایە وەربگرێت.

سەرای زەردەشتیانی کوردستان فیدراسیۆنێکی زەردەشتییەکان دەبێت لە هەرێمی کوردستان و بارەگاکەیان دەکەوێتە شاری سلێمانی، وەک لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنەکەشدا ڕوونکراوەتەوە، ئامانج لە پێکهێنانی ئەو سەرایە بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی زەردەشتییەکانە، "تاببێتە مەشخەڵێک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا تاریکەکانی سەروەری نەتەوەیی کورد".

پەیڕەوانی ئاینی زەردەشت وەک خۆیان دەڵێن، ژمارەیان لە کوردستان  بە سەدان هەزار کەس هەژمار دەکرێت، نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان هەیە و چوار ڕێکخراوی فکری زەردەشتیش بەفەرمی مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.

س.ح