سبەی بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا کۆنسێرتێکی گەورە لە سلێمانی سازدەکرێت

بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ هونەرمەندی شاری سلێمانی، سبەی کۆنسێرتێکی سرود و گۆرانی نەتەوەیی بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان سازدەکرێت و داوادەکرێت هاوڵاتیان بە جۆشەوە بەشداریی لە کۆنسێرتەکەدا بکەن.


بڕیارە سبەینێ کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە کارگەی جگەرەکە لە شاری سلێمانی، بەشی هونەرەکانی میوزیکی سلێمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی، کۆنسێرتێک بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدات.

کۆنسێرتەکە بێبەرامبەرە و لە لایەن فەرمانبەرانی بەشی هونەرەکانی میوزیکی سلێمانی-یەوە دوای ٥٠ ڕۆژ لە مەشق و ئامادەکاریی بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا چەند سرود و گۆرانییەکی نەتەوەیی، وەک (ئەی ڕەقیب، هەر کوردم و هەر کورد دەبین، ئای دلبەرێ، ولاتێ من کوردستانە، کوردستان)، تایبەت بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ئامادە کراوە و لە ناو کارگەی جگەرەکە لە شەقامی سالم پێشکەش دەکرێت.

هونەرمەندانی بەشداربوو داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بە جۆشەوە پێشوازی لە کۆنسێرتەکە بکەن.

تارا ڕەسوڵ، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، وتی: هیوادارم خەڵکێکی زۆربێت و بەشداریی ئەم کۆنسێرتە نەتەوەییە بکات بۆ ئەوەی ئەم پرسە نەتەوەییە ون نەبێت.

هەروەها هونەرمەندی گۆرانیبێژ فەرەیدون وەلی، داوای لە هاوڵاتیان کرد بەشداری کۆنسێرتەکەبن و وتی: با هەموومان بەشدار بن لەم کۆنسێرتە چونکە گەورەیی ئەم کارە گەورەیی هەموو کوردە.

هاوکات ئارام عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەشی هونەرەکانی میوزیکی سلێمانی، داوای لە هاوڵاتیان کرد کە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری ئەو کونسێرتەبن.

پێشتر بڕیاربوو کۆنسێرتەکە لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر شوێنەکەی گۆڕدراو بڕیارە سبەی لە کارگەی جگەرەکە لە شاری سلێمانی کۆنسێرتەکە بەڕێوەبچێت.

ک.س