سلێمانی، بە ئاهەنگ و گۆرانیی ڕۆژی منداڵان پیرۆز کرا

بە دروشمی "بە خەندەکانی سەر لێوی مناڵەکانمان ژیان خۆشتر دەکەین"، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی منداڵان ئێوارە ئاهەنگێکی بەجۆش بۆ منداڵان سازکرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە سەکۆی ئازادیی لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە، ئاهەنگێکیان بە دروشمی "بە خەندەکانی سەر لێوی مناڵەکانمان ژیان خۆشتر دەکەین"سازکرد.

ئاهەنگەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان و دایک و باوکەکانیان و بە پۆشینی جلو‌بەرگی ئاڵوواڵا و جۆش و خرۆشی دونیای منداڵانە بەڕێوەچوو.

منداڵان بە گۆرانی و شانۆگەریی و پێشبڕکێی و چەند چالاکییەکی جۆربەجۆر بەشداریی چالاکییەکەیان کرد.

ش.ف