سلێمانی، بە فەرمی یادی شێرکۆ بێکەس ناکرێتەوە

لە شاری سلێمانی کە بە پایتەختی ڕۆشنبیریی ناسراوە، هیچ مەراسیم و چالاکییەکی فەرمیی بۆ یادی شەش ساڵەی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی گەلی کورد شێرکۆ بێکەس بەڕێوەناچێت، کە زیاتر لە نیو سەدە بە شیعرەکانی خزمەتی بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیی کرد، بەڵام کۆمەڵێک گەنج دەڵێن خۆرسکانە دەچینە مەزارەکەی و یادی دەکەینەوە.


ئەمڕۆ ٤ی ئاب، شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیری گەورەی گەلی کورد شێرکۆ بێکەس-دا تێپەڕبوو، بەڵام لە شاری سلێمانی هیچ مەراسیمی و چالاکییەکی فەرمیی بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە بەڕێوەناچێت.

ڕۆژنیوز پەیوەندیی بە هەرەیەکە لە بابەکر دڕەیی، بەڕێوبەری گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە کرد، کە 'شێرکۆ بێکەس' دامەزرێنەرییەتی، هەردوولا ڕەتیان کردەوە کە هیچ مەراسیم و چالاکییەکیان بۆ ئەم یادە هەبێت.

لەو بارەیەوە ئازاد بەرزنجی یەکێک لە بەرپرسانی دەزگای سەردەم بە ڕۆژنیوزی وت، لەگەڵ خانەوادەی بێکەس قسەمان کردووە، کە پێنج ساڵ جارێک یادی بکەینەوە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە حکومەت هیچ هاوکارییەکی نەکردوون، تەنانەت چەند گۆڤارێکیان لە دەرچوون وەستاندووە و لە چاپدانی کتێبیشیان کەمکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک چالاکوان لە ئاگادارینامەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژەیان بەوەکردووە، کە بەوپێیەی هیچ چالاکییەک بۆ یادی شێرکۆ بێکەس نییە، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی خۆڕسکانە دەچنە سەر مەزارەکەی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی.

ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵانە دەیان کۆنسێرت بۆ هونەرمەندانی، تورکیا و ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچن و سەدان هەزار دۆلاریان بۆ خەرج دەکرێت.

شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس-ە و ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە، یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی کورد و جیهان و زیاتر لە نیو سەدە بە شیعرەکانی خزمەتی بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیی کردووە و دەیان شاکاریشی خستووەتە کتێبخانەی کوردییەوە.

شێرکۆی بێکەس لە ڕۆژی ٤-٨-٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی سوید کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بەخاکسپێردرا.

س.ح