سلێمانی، بە مۆسیقا و گۆرانی باس لە ئاشتی و ئازادیی کرا

بەشی میوزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، کۆنسێرتی ساڵانەی خۆی ساز کرد و چەندین پارچە مۆسیقا و سرود و گۆرانی بۆ کوردستان و ئاشتی و ئازادیی پێشکەشکران.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، بەشی میوزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، کۆنسێرتی ساڵانەی خۆی سازکرد.

کۆنسێرتەکە بە هاوکاری پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە کۆنسێرتەکەدا سرود و گۆرانی و میوزیک بۆ ئازادیی و ئاشتیی و پێکەوەژیان و سروشتی کوردستان و ئەوینداریی وتران.

ڕێکخەرانی کۆنسێرتەکە ئاماژەیان بەوە کرد، کە هەمیشە لەو باوەڕەدان هونەر دەتوانێت لە دۆخە سەخت و دژوارەکاندا چرای ڕێگا بێت، هێمای ژیان و مانەوە و بەردەوامیی و هیوا بێت.

ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەوان سەرەڕای کەمتەرخەمیی هەموو لایەک بەرامبەر هونەر، کۆڵیان نەداوە و توانیویانە ئەمساڵیش فیستیڤاڵەکە سازبکەن.

لە فیستیڤاڵەکەدا جەماوەرێکی زۆر ئامادەبوون و بە جۆشەوە گوێیان لە گۆرانی و سرود و مۆسیقاکان دەگرت، ئەوان بە چەپڵەلێدان پێشوازییان لە هەر کارێکی نوێ دەکرد.

کۆتا کاری فیستیڤاڵەکە لەلایەن گەنجێکەوە پێشکەشکرا، کە کۆمەڵێک قەوانی پاشماوەی جەنگی کردبوو بە ئامێری مۆسیقا و ئاوازیی پێدەردەکردن، ئەوەش وەک هێمایەک بۆ گۆڕینی جەنگ و مەرگ و ناخۆشیی بۆ ژیان و جوانیی. 


ک.ک