سلێمانی، شانۆگەریی پلانی پیرەکان بەردەوامە و پێشانگایەکیش کرایەوە

 لە شاری سلێمانی نمایشکردنی شانۆگەری پلانی پیرەکان بەردەوامە، هاوکات پێشانگایەکی تایبەتی شێوەکاریش کرایەوە.


شانۆگەریی پلانی پیرەکان، کە نوێنرین چالاکی هونەریی بەشی هونەری شانۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و هونەری سلێمانییە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕوشنبیری شاری سلێمانی بۆ دووەم ڕۆژ نمایش کرا، هاوکات لە هەمان هۆڵ پێشانگای تایبەتی شێوەکاری کرایەوە.

لە بارەی شانۆگەرییەکەیانەوە هونەرمەندانی بەشداربووی شانۆگەرییەکە بە ڕۆژنیوزیان ڕاگەیاند ماوەی زیاتر لە شەش مانگە ئامادەکاری بۆ نمایشی شانۆکە دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بلیتی شانۆکە بە سێ هەراز دینارە، بەڵام لە دووەم ڕۆژی نمایشەکەیاندا ڕێژەیەکی کەم بینەر ئامادەی بینینی بوون، هۆکاری ئەوەشیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە بینەری شانۆ کەمبوەتەوە.

شانۆگەریی پلانی پیرەکان، لە دەرهینان و نوسینی هەردوو هونەرمەندی شانۆکار نەهرۆ محەمەد مەلا و کەمال عەلی جەوهەرەو بڕیارە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوامبێت.

 ناوەرۆکی شانۆگەریەکە باس لە دوو پیاوی بەساڵاچوو دەکات کە لە خانەی بەساڵاچوواندا دەژین پلانی خۆکوشتنیان دانابوو چونکە کوڕ و کچ و ژنەکانیان بەجیێان هێشتبوون، بەڵام هەر زوو ژنێکی تری بەساڵاچوو بە سۆز و خۆشەویستی پیشاندانی ژیان لە ڕوویەکی ترەوە پلانەکەیان لێ تێکدەدات.

لەلایەکی دیکەوە هەر لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی پێشانگایەکی تایبەتی شێوەکاری بۆ ئەسعەد ڕەفیق کرایەوە کە تێدا ژمارەیەک تابلۆ نمایش کرابوون.

ک.س