سلێمانی، مامۆستایانی شێوەکار پێشانگایەکیان کردەوە

پێشانگایەکی هاوبەشی مامۆستایان لە شاری سلێمانی کرایەوە و ٣٧ مامۆستای شێوەکار بەشدارییان تێیدا کرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانی، لەلایەن یەکەی هوونەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات، پێشانگایەکی هاوبەشی مامۆستایانی شێوەکار کرایەوە.

لەپێشانگاکەدا ٣٧ مامۆستا بە بەرهەمێک یان دوو بەرهەم بەشدارییان تێیدا کردووە، کارەکانیش پێکهاتوون لە ٤٠کاری هونەری سیرامیک و تابلۆ کە گوزارشتن لە سەرجەم پێکهاتەکانی ژیان وەک سروشت، ژن و وەرزی پاییز.

هاوکات دڵخۆش محەمەد لێپرسراوی چالاکیەکە، بەتابلۆی ژنێکی شەڕڤان بەشداری تێدا کردووە و ئامانج لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە ڕوون دەکاتەوەو دەڵێت: دەمانەوێت لەڕێگای پێشانگاوە هاوکاری مامۆستایانی شێوەکار بین و هیچ نەبێت بە بەرهەمێک بەشداربن تاوەکو دانەبڕێن لە هونەرو بەهرەکەیان.

دەربارەی تابلۆکەی، دڵخۆش وتی: من سەرسامم بە ژنە شەڕڤانەکان، چونکە ئەوان بە تێکۆشانیان خاک و وڵات و شەڕەفی خۆیان دەپارێزن، ئەم وێنەیەش کە کۆترێکی ئاشتی لەدەستە پەیامی ئەوە دەدات، سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکان و ڕشتنی خوێن، ئێمە دیسان خوازیاری ئاشتین.

وابڕیارە، پێشانگاکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

 

 

ب.ش