سلێمانی، ڕۆژی جیهانی ئاشتی بە چەند چالاکییەک پیرۆز ڕاگیرا

لە سلێمانی ڕۆژی جیهانی ئاشتی بە نمایشێکی شانۆیی و خوێندنەوەی بەیاننامەیەک پیرۆز ڕاگیرا.


ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، کەمپینی "دژی داگیرکاری و ژن کوشتن، بێدەنگی بشکێنە"، یادی ڕۆژی جیهانی ئاشتی یان کردەوە.

چالاکوانان و ژنانی بەشێک لە ڕێکخراوەکان بە جلوبەرگی سپی کە هێمای ئاشتی یە، بەشداری یادەکە بوون، سەرەتای یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان لە سەر ناوی کەمپینی دژی داگیرکاری و ژن کوشتن بێدەنگی بشکێنە، نیشتمان ئیبراهیم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیەنراوی کەمپینەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە "ئێمە وەك كەمپینەكەمان كە لە دژی داگیركاری و ژن كوشتن كاردەكەین، بەتایبەتی لە بواری هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا بۆ ئەوەی كۆتایی بە داگیركارییەكانی سەر كوردستان و هێرشەكانی سیستەمی پیاوسالاری بۆ سەر ژنان بهێنین، چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین و وەک هەموو لایەک ئاگادارە ماوەی ۱٥ رۆژە حكومەتی توركیا بە شێوازێكی زۆر هۆڤانە هێرشی كردووەتە سەر شارەوانییەكانی گەل لە باكووری كوردستان".

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئەوەشخرایەڕوو کە "هەر بۆیە ئێمە سەرەڕای شەرمەزاركردنی هەڵوێستی فاشیستانەی حكومەتی توركیا، پشتگیری و پشتیوانی چالاكییە جەماوەری و دیموكراتییەكانی گەلی باكوور دەكەین، لە پێشەنگایەتی دایكان و ژناندا، داوا دەكەین بە زووترین كات زیندانیان ئازاد بكرێن و هاوسەرۆكانی شارەوانی بگەڕێندرێنەوە سەر كاری خۆیان و هاوکات گەمارۆی سەر كامپی مەخمور لە سەر داخوازی دەوڵەتی داگیركەری توركیا شەرمەزار دەكەین".

هەر لە درێژەی چالاکییەکانی تایبەت بە ڕۆژی ئاشتی لە ناو پارکی ئازادیی لە لایەن کۆمەڵێک گەنجەوە شانۆگەرییەک، نمایشکرا کە گوزارشتی لە توندوتیژییەکانی دەرحەق بە ژنان و سروشت دەکرد، ئەوەی دەخستەڕوو کە دەبێت توندوتیژی و فشارەکانی سەر هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و سروشت بە ڕێگای ئاشتی بوەستێنرێت و کار بکرێت بۆ کۆمەڵگایەکی دوور لە شەڕ و توندوتیژی.

دوایی شانۆگەرییەکە بە بەرزکردنەوەی دروشم دژی داگیرکاری و توندوتیژی کۆتایی بە یادەکە هات.

ک.س