سلێمانی، ژنێك بە شێوازێكی هونەریی جیاواز وێنە دەكێشێت

ژنێكی دانیشتووی سلێمانی بە شێوازێكی جیاواز لە ڕێگەی بەكارهێنانی دەزوو و بزمارەوە كە بە هونەری "سترینگ ئارت" دەناسرێت تابلۆی سەرنجڕاكێش دەنەخشێنێت و لەڕێگەی فرۆشتنی تابلۆكانیەوە بژێوی خۆی دابیندەكات، وەك خۆشی دەڵێت: هەندێك جار بۆ تەواوكردنی وێنەیەك ١٥ ڕۆژی پێدەچێت و لە تەنها وێنەیەكیشدا زیاتر لە ٢ هەزار بزماری بەكارهێناوە.


هاوشێوەی زۆربەی بوارەكانی دیكەی كۆمەڵگا ژنان، كەمنین ئەو ژنانەی لەبواری هونەریشدا شوێن پەنجەیان دیارە و توانیویانە بەهونەرەكەیان سەرنجی دەوربەر ڕابكێشن و مۆری خۆیان لە مێژوو بدەن، ڕۆژنیوز لەم دیمانەیەدا ژنێكی دەستڕەنگینی شاری سلێمانی بەسەر دەكاتەوە.

 

دەرچووی پەیمانگایە و خولیای وێنەكێشانی هەیە

گۆنا عوسمان، تەمەن ٢٦ ساڵ، دانیشتووی شاری سلێمانیە، ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و دایكی منداڵێكە و دەرچووی بەشی ژمێریارییە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، گۆنا باس لەوەدەكات، دوای تەواو كردنی خوێندن لەهیچ دەزگایەكی فەرمی دانەمەزراوە و هەوڵیداوە بگات بە كارێك كە ئارەزووی دەكات، هەربۆیە چەند ساڵیك كاری چنینی سەرسیسەم و بەرگە گۆشە و سەرقەنەفەی بە خووری كردووە، دواتر كارێكی نوێی تاقیكردوەتەوە كە وێنە كێشانە بەدەزوو و بزمار لەسەر  تەختە، كە لە بنەڕەتدا ئەم شێوازە لە وێنەكێشان لە جیهاندا بە هونەری "سترینگ ئارت" دەناسرێت و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە و بۆ یەكەمجار ژنێكی بەریتانی بە ناوی (ماری ئڤرست پۆڵ) كاری لەسەر كردووە و دواتریش هونەرەكە كراوە بە كتێب و لە زانكۆی كامبێرج وەك وانەیەك خوێندراوە.

گۆنا چۆن فێری هونەری سترینگ ئارت بوو

 گۆنا عوسمان، لە بارەی سەرەتای دەستكردن بە كاری وێنەكێشان لە ڕێگەی دەزوو بزمارەوە (سترینگ ئارت) دەڵێت: تەنیا ئارەزوومبوو بزانم چۆن دروست دەكرێت دواتر لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشوێن سەرچاوەی جیاوازدا گەڕام "لە سەرەتادا زۆر قورس بوو ئەم كارە بكەم تەنها لق و پۆپی گوڵ، سێبەری ئەسپ یان زەخرەفەم دروستدەكرد، بەڵام ئێستا جگە لەوانە دەتوانم وێنەی دەم و چاو دروست بكەمەوە زۆر بە ئاسانی، چونكە ئیتر ڕاهاتووم لەگەڵ كارەكەمدا".

دەشڵێت: 'ئێم دی ئێف' جۆری ئەو تەختەیە كە بەكاری دەهێنێت، بۆ كارەكانی و سەرەتا لای دارتاش دایدەتاشێت و ڕەنگی دەكات، بزمارەكانیش ئەو جۆرانەیە كە زۆر باریكە و پێویستە درێژییەكەی (ئینج و نیو)ێك بێت، هەروەها دەزووی باریك و ئەستوور بەكاردەهێنێت بەپێی وێنەكە دەزووی باریك و ئەستوور و ڕەنگەكەی دەگۆڕێت لەبەكارهێناندا.

دوو هەزار و ١٠٠ بزماری لە یەك وێنەدا بەكارهێناوە

ئەو ژنە دەستڕەنگینە دەڵێت: دروستكردنی وێنە بە بزمار و دەزوو چەند قۆناغێكی دەوێت لەوانە (هێڵكاری، شێوەكاری، ئەندازەیی)، لەسەرەتادا بەشێوەی هێڵكاری لەسەر كاغەزێك وێنەكە دەكێشرێت و دواتر دەلكێنرێت بەو پارچە تەختەیەی كە كارەكەی لەسەر دەكرێت بۆ وێنە كێشانەكە دواتریش بزمارەكان دەخرێتە سەر وێنەكە و كەغەزەكە لادەبرێت.

گرانترین وێنەی بە ٣٥٠ هەزار دینار فرۆشتووە

گۆنا عوسمانی دەستڕەنگینن باس لە گرانی كارەكەی دەكات و دەڵێت: "تائێستا یەكێك لەو وێنانەی كە كێشابێتم و بزماری زۆر ویستبێت وێنەی دەم و چاوی پیاوێكی بە تەمەنە كە نزیكەی ٢ هەزار و ١٠٠ بزمارم تێدا بەكارهێناوە، هەر وێنەیەكیش بەپێی جۆرەكەی كاتی خۆی دەوێت و بەجۆرێك وێنەهەیە ١٠ كاتژمێری پێدەچێت و وێنەش هەیە ١٥ڕۆژی دەوێت بۆ تەواوكردنی.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی كارەكەی ماندوو بونێكی زۆری دەوێت بەڵام نرخی فرۆشتنی وێنەكانی بە ئەندازەی ماندو بونەكەی نیە و نرخی هەر تابلۆیەكی لە ١٥ هەزار دینارەوە دەست پێدەكات و گرانترین تابلۆشی بە ٣٥٠ هەزار دینار فرۆشتووە.

لە هونەری وێنەكێشانەوە بۆ دیزاینی دیكۆرات

 گۆنا، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات،كە كارەكەی تەنها بۆ پەیداكردنی پارەنییە و بەڵكو لە ئێستادا نزیكەی ٣٥ تابلۆی ئامادەیە و لە داهاتوویەكی نزیكدا لە پێشانگایەكدا نمایشیان دەكات، دەشڵێت: هەر تەنیا كار لەسەر وێنە ناكات بەڵكو كارەكەی فراوان كردووە و ئێستا كاری دیزاین و دیكۆر بۆ دیوار و سەقفیش دەكات و دەیڕازێنیتەوە بەدەزوو و بزمار بەو شێوەیەی كە كڕیارەكانی داوای دەكەن .

لە كۆتای وتەكانیدا گۆنا هیواخوازە هەموو ژنێك، هەر حەز و ئارەزوویەكیان هەیە بەدی بهێنن و خێزانەكانیشایان نەبن بە ڕێگر لەبەردەم كاركردنیان و هانیان بدەن تا بەردەوام بن، "هیچ شتێك ئەستەم نیە ئەگەر بتەوێت بەدەستی بهێنیت، بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ هەموو ئامانجێك لە ژیاندا".

ك.س