سلێمانی، کەلوپەلی هونەرمەندان لە مۆزەخانەیەکدا دەپارێزرێت

لە شاری سلێمانی کەلوپەلی بەشێک لە هونەرمەندانی کۆچکردووی بواری شانۆ و دراما لە شوێنێکی هاوشێوەی مۆزەخانەدا هەڵگیراوە، هونەرمەندێكیش نیگەرانە لە نەگونجاویی و بچوکیی شوێنەکە.


لە ساڵی ٢٠١٤ کۆمەڵێک ئەکتەر و شانۆکاری شاری سلێمانی لەناو بینای بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی مۆزەخانەیەکیان کردەوە بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلی بەجێماوی هونەرمەندانی کۆچکردووی بواری شانۆ و دراما و فیلم، تا ئێستاش کەلوپەلی ١٥ هونەرمەندیان لەو مۆزەخانەیەدا هەڵگرتووە.

مۆزەخانەکە پێکهاتووە لە چەند جامخانەیەکی لە شوشە دروستکراو، کە کەلوپەلی هەریەک لە هونەرمەندان سەلاح فەرەج ناسراو بە سەلاح باڵابەرز، جیهاد دڵپاک، حاجی مەکی، حسێن میسری، ئەحمەد مەقسود و چەند هونەرمەندێکی دیکەی تێدا کۆکراوەتەوە، لە بەشی تایبەت بە هەر هونەرمەندێک کەلوپەلێکی تایبەت بەو هونەرمەندە و وێنە و باسێک لە ژیان و کارە هونەرییەکانیان خراوەتە ڕوو.

وەک دامەزرێنەرانی مۆزەخانەکە باسی دەکەن، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ئەو هونەرمەندانە بە نەوەی تازە بناسێنین و ژیاننامەی هەر یەکێک  لە ئەوان بەڵگەیەکە، کە لە کاتی خۆیدا جێدەستیان زۆر دیار بووە.

بەهۆی ئەوەی هەوڵەکان کەسیین و سنووردارن، نەتواندراوە مۆزەخانەکە فراوان بکرێت وجیاواز لە ئەکتەر و شانۆکار، ببێتە شوێنی هەڵگرتنی کەلوپەلی هونەرمەندانی دیکە لە سلێمانی و هونەرمەندانی ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان،  بە وتەی شانۆکار بەیان زەریفی، تەنها توانراوە لە سلێمانی ئەو هەوڵە بدەن، چونکە بە ئاسانیی دەستیان بە شوێنەکانی دیکە ناگات.

هونەرمەندە، ئاماژەی بە نەگونجاویی شوێنەکە کرد بۆ کردنی بە مۆزەخانە و وتی: شوێنێکی گونجاو نییە، لە زستاندا ئاو دەچێتە ژوورەوە و لە هاویندا گەرمیی و تەپوتۆز، کە وا دەکات ئەو کەلوپەلانە تێکبچن و سروشتی خۆیان لە دەست بدەن.

هەروەها ڕەخنەشی لە نەوەی نوێ گرت و وتی: بەداخەوە ئێمە کەمتر هەوڵی ناسینی نەتەوەکەمان دەدەین و گەنجەکان بە هۆی قووڵبوونەوە لە ژیانی کەسانی بیانی هونەرمەندانی خۆیان لە بیر کردووە.

هونەرمەند، توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەن و لە و وڵاتانەی بایەخ بە هونەردەدەن شوێنی گونجا و پێویست بۆ کەلوپەل و کارە هونەرییەکانیان دادەندرێت، تا مێژووی هونەریی ئەو وڵاتە بە نەوەکانی دیکە و هاوڵاتی وڵاتی دیکە ئاشنا بکرێت، بەڵام لە باشووری کوردستان شوێنێکی تەواو گونجاو و بوونی نییە، بەو هەوڵە کەسییانەی کەهەیە نەتواندراوە پارێزگاریی لە ناو و هونەری هونەرماندانی کوردستان بکرێت.

 

ش.