سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان: دەبێت یەکگرتووانە دژی هێرشەکان بووەستینەوە

سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان، داوا دەکات کە کورد بە هەڵوێستێکی یەرکگرتووانە بەرامبەر ئەو هێرش و بۆردوومانانە بووەستێتەوە کە لەلایەن وڵاتانی بێگانەوە دەکرێنە سەر خاکی کوردستان، داواش لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، "چارەسەرێک بۆ هێرشەکانی سوپای تورکیا بدۆزنەوە، کە ڕۆژانە خەڵکی مەدەنیی دەکاتە قوربانی".


مستەفا مەولوودی، سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان- حدک، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و پێویستیی هەڵوێستی یەکگرتووانەی کورد دژ بەو داگیرکارییانە، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.

مستەفا مەولوودی ئاماژەی بەوەکرد، کە هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستان نوێ نییە و، وتی: چەند ساڵێکە ئەو حاڵەتانە لەو سنوورانە هەیە، هیوادارین هەم دەوڵەتی عێراق و هەمیش هەرێمی کوردستان، لە باری سیاسیی و دیپلۆماسییەوە، چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ڕاوەستاندنی ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنانە، و چیتر خەڵکی ئەم وڵاتە تووشی زەرەر و زیان و کوشتن و ماڵوێرانیی نەبێت.

سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان بەگرنگیشی زانیی، کە کورد بەشێوەیەکی یەکگرتووانە "ئەم کردەوە نابەرپرسیارانەی کە دژی بەرژەوەندیی و ئاسایشی مرۆڤە مەحکوم بکات و دەنگی خۆی هەڵبڕێت" و وتیشی: بەداخەوە ئەمڕۆ کورد شوێنێکی نییە کە یەکدەست بتوانێت بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنی وڵاتێک ڕابگرێت، بەڵام لانیکەم پێویستە لەناو خۆماندا یەکدەنگ و تەبا و هاوخەم بین.

جەختی لەوەشکرد، کە گرنگە بە سیاسەت و دبلۆماسییەت کورد ئەو ڕێگایانە دابخات کە وڵاتانی بێگانە بە خواستی خۆیان لەکوێ بیانەوێت هێرش بکەنە سەری، وەک ئەوەی "ئێران مووشەک بهاوێژێت بۆ بارەگاکانی ئێمە لە کۆیە و وڵاتانی دیکەش بە فڕۆکە و بە مووشەک سنووری وڵات ببەزێنن و بۆردوومان بکەن، کە ئەویش سەرەنجام گیانی خەڵکی مەدەنیی دەکاتە قوربانیی".

مستەفا مەولودی ئاماژەی بە بێدەنگیی حکومەتی عێراقیش کرد بەرامبەر بۆردوومانەکانی سوپای تورک و، وتی: عێراق بە بەهانەی جیاجیا بەدواداچوونی پێویستی بۆ ئەو هێرشانە نەکردووە، ئەرکی حکومەتی عێراقە ڕێگا نەدات وڵاتێکی بێگانە هێرشبکاتە سەر وڵاتەکەی و زەوییەکەی بسووتێنێت و خەڵکەکەی شەهید بکات، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە کاربەدەستانی عێراق دەکەین، چارەسەری ئەم پرسە بکەن.

س.ح