سۆران، خانەی فەرهەنگیی شین كرایەوە

لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی چالاكوانان و ڕۆشنبیران و سەرۆكی زانكۆی سۆران و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ خانەی فەرهەنگیی شین كە لایەن ژمارەیەك گەنج سەرپەرشتی دەكرێت كرایەوە.


لە شارۆچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، خانەی فەرهەنگیی شین بۆ چالاكی هونەری و ڕۆشنبیری كرایەوە.

رێكخەرانی فەرهەنگخانەكە دەڵێن ئامانجیان لە كردنەوەی فەرهەنگخانەكە بایەخدانە بە چالاكی هونەری و ڕۆشنبیریی.

لەسەرەتای مەراسمیەكەدا د. مسلح مستەفا سەرۆكی زانكۆی سۆران وتەیەكی پێشكەش كردو وتی: كردنەوەی خانەی فەرهەنگیی شین دەتوانێت لە بواری خۆیدا ڕۆڵ و كاریگەری بەرچاوی هەبێت و ببێتە ناوەندێك بۆ گفتوگۆ و خوێندەوە.

هەر لە مەراسیمەكەدا د. عەبدولڕەحیم خەسرەو کە بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە  بەشداری کردبوو، كردنەوەی ئەو جۆرە سەنتەر و ناوەندە هونەریی و ڕۆشنبیریانەی بە گرنگ زانی.

هەروەها ڕێكان ڕواندزی ڕێكخەری فەرهەنگخانەی شین لە وتەیەكدا ئاماژەی بە ئامانج و بەرنامەی خانەی فەرهەنگی شین كردو وتی: دەمانەوێت لە داهاتوودا كاری جدی بكەین بۆ پڕكردنەوەی بۆشیایی لە بواری هونەری و ڕۆشنبیری و كلتوری، كردنەوەی ئەم خانەیە بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە و لە داهاتووشدا لە پێناو گرنگیدان بە بەهێزكردنی تواناكانی گەنجان و فراوانكردنی كلتوری خوێندنەوە كاروچالاكی ئەنجام دەدەین.

وەک ڕێکخەرانی فەرهەنگخانەی شین، دەڵێن، ئەوان "ژمارەیەك گەنجی سەربەخۆن لە سۆران، بە خۆبەش سەرپەرشتی دەكەن و پێكهاتووە لە بەشی كتێبخانە و ئەنەنجامدانی بەشی چالاكی هونەری و ڕۆشنبیری و كلتوری".

س.ح