سینەما سالم: پاشەکشێ ناکەین

بەڕێوەبەرانی سینەما سالم و ڕێکخراوی نوێگەر لەسەر داخستنی سینەما سالم و ڕێگریکردن لە نمایشکردنی فیلمی ساکینە جانسز ڕایانگەیاند، داخستنی سینەما وەکو خاڵێکی ناشرین لە مێژووی ئەم وڵاتەدا دەمێنێتەوە و پاشەکشێ ناکەن.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانی "بێ هەبوونی نووسراوێکی فەرمی" چوونە سینەما سالم و دەرگای سینەماکەیان داخست، ئێوارەی ئەمڕۆش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لەسەر داخستنی سینەماکە ئەنجامدرا.

ڕەوەز حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری سینەما سالم، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی: ئێمە پێمان وایە سینەما و فیلم دەتوانێت کۆمەڵگە بگۆڕێت، ئێمە هەمیشە بێلایەنانە و بێ جیاوازیی فیلممان نمایش کردوە، ئەوەش لەپێناو دامەزراندنی سینەمای کوردی.

ئەوەشی وت: داخستنی سینەما وەکو خاڵێکی ناشرین لە مێژووی ئەم وڵاتەدا دەمێنێتەوە، داخستنی سینەما داخستنی هونەرە، داخستنی میوزیکە، داخستنی کەلتور و ڕۆشنبیرییە.

ئەوەشی وت: ئێمە پاشەکشێ ناکەین لەوەی پێمان وایە گۆڕانکاریی لە ڕێگەی کەلتورەوە دەکرێت، ئێمە حزبی سیاسیمان دانەمەزراندووە، ئێمە پێمان وایە دەبێت گۆڕانکاریی لە کەلتورەوە بکەین.

هەروەها ئازاد بایز، ئەندامی ڕێکخراوی نوێگەر، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی: زۆر بە داخین کە ئەم فیلمەی ساکینە جانسز لەسەر ژیان و خەباتی کەسێک کە لەپێناو کورد و مانەوەی ئەم میلەتە گیانی بەخشیوە، بەڵام لە دەرئەنجامدا دەسەڵاتی کوردی و حزبێکی کوردی هەڵدەکوتێتە سەر سینەما سالم و دایدەخات.

ئەوەشی وت: ئێمە وەکو ڕۆشنیران و چالاکوانان زۆر زۆر نیگەرانین لە ئەو ڕێگریانەی لە هونەر دەکرێت لەم شارەدا، ئەوە لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر ڕێگە بە نمایشکردنی ئەم فیلەم داوە، بەڵام ئێستا دەرگای سینەماکە داخراوە.

کورتە فیلمی "لەناو ١٠ ساڵدا سێ ڕۆژ" لەسەر ژیان و تێکۆشانی ساکینە جانسز لەلایەن ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی بەرهەم هێندراوە.

 

ک.ک