سینەما سالم کرایەوە و فیلمەکەی ساکینە جانسزیش نمایش دەکرێت

دوای هەوڵ و فشارێکی زۆر، جارێکی دیکە دەرگای سینەما سالم کرایەوە و ئەو فیلمەی بووە هۆی داخستنی سینەماکە، لە کاتێکی دیکەدا نمایش دەکرێت.


پەیامنێری ڕۆژنیوز لە سینەما سالم ڕاگەیاند، لە ئێستادا دەرگای سینەماکە بەڕووی هاوڵاتیاندا کراوەتەوە، بەڕێوەبەرانی سینەماکەش ڕاگەیەندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایدەگەینن ئەو فیلمەی لەبارەی خەبات و تێکۆشانی ساکینە جانسزە، نمایش دەکەن بەڵام کاتەکەی دوادەخرێت.

ستافی سینەما سالم لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت:"وەک چۆن لە ڕابردوودا بێ سڵەمینەوە بەرگرییمان لە دەنگی ئازاد کردووە و هەمیشە کارمان بۆ سەربەستیی فەزای گشتی بووە، وەک چۆن لە یەکەمین کتێبەوە کە ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە بۆ دوایەمین فیلم کە سینەما سالم نمایشی کردووە، کارکردن بووە بۆ بونیادنانی دنیایەکی ئازاد و سەربەست و دوور لە هەر سانسۆرێک، دوێنێ و ئەمڕۆیش بە هەمان نەفەس و بوێرییەوە جەختمان لەسەر پرەنسیپە باڵاکانمان کردووەتەوە و بێگومان، دەیکەین و دەیکەینەوە".
هەروەها باسیان لەوەش کردووە، "لە دوێنێوە دژی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' دەنگمان هەڵبڕیوە، ئەمڕۆیش دوای داخستنی دەرەگای سەرەکیی سینەما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنووس، بە جەسووریەتێکی زۆرترەوە لەسەر ئەو دوو داواکارییەمان سوور بووین؛ تا لەسەر داوای خۆیان، لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی کەوتینە دانوستان".
ستافی سینەماکە جەختیان لەوەش کردووەتەوە، فیلمی "سێ ڕۆژ لە دە ساڵدا" کە دەربارەی ژیان و خەباتی شەهید ساکینە جانسزە نمایش دەکرێت، بەڵام کاتەکەی دوادەکەوێت و دواتر وردەکاریی کاتی نمایشەکەی ڕادەگەیەنن.

دوێنێ هێزێکی ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالمیان داخست، بەیانی ئەمڕۆ کافتریا و کتێبخانەی سەر بە سینەماکەش داخران، بەڵام دوای دروستبوونی فشارێکی زۆر لەلایەن ڕۆشنبیران، هونەر دۆستان و وڵاتپارێزان، جارێکی دیکە سینەماکە کرایەوە.

سینەما سالم دوای کردنەوەی

 

ش.ف