سەدەیەک تەمەن حاجی قادری لە گۆرانی دوورنەخستووەتەوە

حاجی قادر هەرچەندە تەمەنی نزیک دەبێتەوە لە سەدەیەک، بەڵام هێشتا دەستبەرداری کار و پیشەکەی نەبووە، تەندروستی باشە و ڕۆژانە لە یەکێک لە قەرەباڵغترین بازاڕەکانی سلێمانیدا کاسێت دەفرۆشێت، ئەو، نهێنی تەمەندرێژییەکەی بۆ گوێگرتنی بەردەوام لە گۆرانی دەگەڕێنێتەوە.


لە بازاڕی دارەسووتاوەکەی شاری سلێمانی باشوری کوردستان، لەنێو قەرەباڵغی فرۆشیار و کڕیاراندا، پیاوێکی بەتەمەن هەیە کە پیشەیەکی جیاوازی هەیە و دەیان ساڵە پێوەی سەرقاڵە و ئامادە نییە دەستی لێ هەڵگرێت، ئەوەش وای کردووە سەرنجی هەمووان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

قادر دەروێش، ناسراو بە حاجی قادری کاسێتفرۆش، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەی نزیکەی چل ساڵە لە بازاڕی دارەسووتاوەکە کاردەکات و لە ئێستادا خاوەنی زیاتر لە دوو هەزار کاسێتی گۆرانییە، کە زۆرینەیان گۆرانیی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کوردستانن، هاوشێوەی حەسەن زیرەک، مەزهەری خالقی و ماملێ.
تەمەنی حاجی قادر بە تەواوی ڕوون نییە، هەرچەندە بەپێی ناسنامەکەی لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٠ـە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت ئەو کاتەی ڕەزا شای ئێران چووەتە سەر تەختی پاشایەتی، کە ئەو مێژووە بۆ ساڵی ١٩٢١ دەگەڕێتەوە، ئەم هاتووە بۆ عێراق و بووە بە سەرباز، بەو پێیەش پێدەچێت تەمەنی لەوە زیاتر بێت کە لە ناسنامەکەیدا دیارە.

حاجی قادر باوکی چوار کوڕ و کچێکە، تەمەنی بچوکترین منداڵی ٤٩ ساڵە، هەموو بەیانییەک بەر لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ دەچێتە شوێنی کارەکەی، بەبێ ئەوەی خاوەنی دوکان و هیچ شوێنێکی دیارییکراو بەخۆی بێت، نیوەڕوانیش کاتێک دەڕواتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، کاسێت و کەلوپەلەکانی لە یەکێک لە دووکانەکانی بازاڕەکەدا دادەنێت تا ڕۆژی داهاتوو.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا، ئێستا کاسێت کەمترین خواستی لەسەرە، بەو هۆیەشەوە حاجی قادر کڕیارێکی کەمی هەیە، بەشێوەیەک ڕۆژانە دوو تا سێ کڕیاری هەیە، هەر کاسێتێکیش بە هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام چونکە ئەو عەشقێکی زۆری بۆ پیشەکەی هەیە، ئامادەنییە دەستهەڵگرێت لە فرۆشتنی کاسێت.

لەناو هەموو هونەرمەندەکاندا، حەسەن زیرەک پێگەیەکی تایبەتی هەیە لای حاجی قادر و بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەی لەبەرە، هەروەها ٣٠٠ کاسێتی گۆرانییەکانی زیرەکیشی لای خۆی پاراستووە، هەر وەک خۆی دەڵێت، ئەو گۆرانیانە وای کردووە تەمەنی درێژبێت و بە تەندروستییەکی باشەوە بمێنێتەوە.

س.ح