سەرکردەیەکی یەکێتی داوای بایکۆتکردنی کاڵای تورکیی دەکات

ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، داوا دەکات وەک هەڵوێستێک لەبەرامبەر ڕووداوەکەی شاری ترابزۆن-ی تورکیا، خەڵک بایکۆتی فیلم و کاڵای تورکیی بکەن، دەشڵێت: لەبەر ئەوەی یەکڕیز نین و باوەڕمان بەیەکتر نییە، ناتوانین ڕووبەڕووی هێرشەکانی تورکیا ببینەوە.


عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ی ن ک، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و ڕووداوەکەی شاری ترابزۆن-ی تورکیا، کە تێیدا نەژادپەرستانی تورک بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە هێرشیانکربووە سەر ژمارەیەک گەشتیاری باشوری کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دووا.

عەتا سەراویی ڕووداوەکەی ترابزۆن بە "سووکایەتییکردن بە شووناسی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد" ناودەبات و هیچ چاوەڕوانییەکیشی لە حکومەت و حزبەکان نییە کە هەڵوێستی جددییان هەبێت، دەشڵێت: دەبێت هۆشیاریی خەڵک لەسەر ئەم بابەتە هەبێت، چاوەڕێ دەکەم خەڵک بایکۆتی فیلم و کاڵای تورکیی بکەن، لەبری گەشتکردن بۆ تورکیا، لە وڵاتی خۆمان شوێنی گەشتیاریی زۆر هەن.

بۆ ئەوەی کە هەڵوێست بەرامبەر هێرش و داگیرکارییە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ سەر باشوری کوردستان نیشان بدرێت، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی جەخت دەکاتەوە: دەبێت حزبە سیاسییەکان و خەڵک بە گشتیی، حکومەت و پەرلەمان بخەینە ژێر فشارێک، کە چیتر ڕێگا بە پێشێلکردنی سیادەی ئەم وڵاتە نەدەن، ڕۆژێک ئێران بۆردوومانمان بکات و ڕۆژێک تورک خەڵک تیرۆر بکات،  ئەمە کارێکە دەبێت خەڵک و حکومەت پێکەوە بیکەن.

لەبارەی هۆکاری بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێم-یش لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، عەتا سەراویی دەڵێت: هەڵوێستی حکومەت جێگای ڕەزامەندیی خەڵک نییە و لە ئاستی پێویستدا نییە، تەنها توانای ئەو هەڵوێستانەیشی هەیە، چونکە یەکڕیز و یەکدەنگ نین، بۆ دەمانتوانی لە شاخ شەڕی ئێران و تورکیش بکەین، بۆ لێرە ناتوانین؟ چونکە باوڕمان بەیەک نییە، ئێمە و پارتی، ئێمە و گۆڕان یان ئێمە و ئیسلامییەکان لە دوو بەرەی جیاوازین، دەبێت واز لەمە بهێنین، یەکەم نەتەوە، دووەم نیشتمان و سێیەم حزب، نەک یەکەم حزب و دووەم سەرکردە و سێیەم نیشتمان بێت.

س.ح