"سەمای مەرگ بەنێو مینەکاندا"

"سەمای مەرگ بەنێو مینەکاندا" ناونیشانی پێشەنگایەکی شێوەکاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری دەزگای مین بوو لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەکە لە سلێمانی.


ئەمڕۆ، لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەکە لە سلێمانی پێشەنگاک بۆ دەرخستنی ئازارەکانی قوربانیانی مین و کارمەندانی هەڵگرتنەوەی مین کرایەوە، جگە لە چەند تابلۆ و کارێکی هونەریی، چەندین کەلوپەل و پارچەی تێکشکاوی مینیشی تێدا نمایشکرابوو.

سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە باس لەوە دەکەن، ئامانج لە کردنەوەی پێشانگاکە ڕێزگرتنە لەو کەسانەی لە بواری هەڵگرتنەوەی میندا کاردەکەن یان بوونەتە قوربانی.

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی توانیویەتی لە کۆی ٢٣٤ ملیۆن مەتر زەوی بە مین چێنراو ٦١ ملیۆن مەتر چوارگۆشە پاک بکاتەوە.

بەوپێیەی سنووری پارێزگای سلێمانی بە هۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانەوە، دوو جار بە مین چێندراوە، زۆرترین مینی چێنراوی تێدایە بەراورد بە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ساڵی ٢٠١٩، لە هەرێمی کوردستان نزیکە ١٤ هەزار بەرکەوتەی مین هەبووە، لەو ژمارەیەش شەش هەزار و نۆ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٤٧٥ کەسیش برینداربووە.

ش.ف