شارەزوور، کنە و پشکنین لە شارە مێژووییە هەزاران ساڵەکە بەردەوامە

کنە و پشکنین لەو شارە مێژووییەی لە شارەزوور دۆزراوەتەوە بەردەوامە، بەوتەی سەرپەرشتیارانی کنە و پشکنینەکەش تائێستا حەوت گۆڕ دۆزراونەتەوە و شارەکەش تەمەنی بۆ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.


ماوەی دوو هەفتەیە تیمێكی زانكۆی چوبوی یابانی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، لەگردی یاسین تەپەیی گوندی (بێستانسور) لەدەشتی شارەزوور لەسنوری شارەدێی عەربەت لە سلێمانی،  كاری كنەو پشكنین بۆ شوێنەوارێکی مێژوویی دەکەن کە مێژووەكەی بۆسەردەمی ئاشورییەكان دەگەڕێتەوە.

لە شوێنەوارەکەدا جگە لە دۆزینەوەی چەند گۆڕێک شوێنێكی ئاگردان دۆزراوەتەوە كە بۆ دروستكردنی خواردن بەكاریانهێناوە، هەروەها تەواوی ئەو ئێسكو پروسكانەی دۆزراونەتەوە دەكرێتە كیسی تایبەتەوە لەمۆزەخانەی سلێمانی هەڵدەگیرێت، دواتر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی، بەمەبەستی ئەوەی بزانرێت كەسەكان لەیەك خێزانبوون یاخود نا، هەروەها جیاكردنەوەی ڕەگەزەكانیشیان.

گۆڕەكان و شوێنەوارە مێژووییەكە ئەگەری زۆرە لەشێوەی شارێكی نیشتەجێبووندا بێت، کە بەشێوەیەكی ئەندازیاری جوان و بەخشتی سور دروستكراون.

سامی جەمیل، نوێنەریی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: لەسێ‌ شوێن كنەو پشكنینەكانمان كردوە، لەشوێنی یەكەمدا گۆڕێكی بچوكمان دۆزیوەتەوەو ڕوخاوە، لەشوێنی دووەمیشدا گۆڕێكی دیكەمان دۆزیوەتەوە مێژووەكەی بۆ سەردەمی ئاشورییەكان دەگەڕێتەوە ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ ساڵ پێش زایین، لەناو گۆڕەكانیشدا بەشێوەی چین لەسەر چین حەوت مردووی تێدابووە، هەروەها لەچاڵی سێیەمدا خەریكی دۆزینەوەی چەناڵێكی ئاوین كەسەرچاوەی ژیانبووە بۆ ئەم شوێنە.

وتیشی: بەردەوامین لەهەڵكۆڵین ئەو گۆڕانەی دۆزیومانەتەوە حەوت كەسبوون، پێدەچێت گۆڕەكان هی فەرمانڕەوای ئەم ناوچانە بن كەتێیدا ژیاون.

هاوكات دكتۆر، شین ئیچی نیشیاما، مامۆستا لەزانكۆی چوبوی یابانی وتی: ئەو كاری كنە و پشكنینەی لێرەدا دەكرێت كارێكی هاوبەشە لەنێوان هەردوو زانكۆی چوبوی یابانی زانكۆی لوبنانی بەهاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، ئەوەی لێرەدا دۆزراوەتەوە چەند گۆڕێکە کە لەهەریەكەیاندا چەند كەسێكی بەكۆمەڵ تێیدا نێژراون.

ک.س