شاعیرێکی گەرمیانی ئێوارەیەکی سلێمانی ئاوێزانی شیعر کرد

لە ژێر ناونیشانی( لە باخچەی شیعردا خونچەیەک)کۆڕێکی شیعریی بۆ شاعیرێکی گەنجی گەرمیانیی لەشاری سلێمانی  ئەنجامدرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لەدەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوانی ژمارەیەک لە شیعر دۆستان و هاوڵاتیانی شاری سلێمانی کۆڕیکی شیعریی بۆ شاعیر پەروێز هوما، سازکرا.

لە کۆڕەکەدا، پەروێز هوما، چەندین شیعری نوێ و کۆنی خۆی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە، کە شیعرەکانی گوزارشتی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستان دەکرد و خەم و کێشەکانی گەنجان لە شیعرەکانیدا ڕەنگی دابووەوە.

پەروێز هوما، ماوەی چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و شیعرەکانی زیاتر شیعری سەربەستن، هەروەها نامیلکەیەکی شیعریی بەچاپ گەیاندووە و لە شاری سلێمانی و دەڤەری گەرمیان چەندین کۆڕی شیعریی ئەنجامداوە.

لە کۆڕە شیعرییەکەی ئەم ئێوارەیەی پەروێز هوما-دا، یەکێک لە ئامادەبووان سەرنجی خۆی لەسەر شیعرەکانی پەروێز هوما، خستەڕوو و پێی وابوو، کە هوما سەوزاییەکە لە نێو وشکایی گەرمیاندا سەوز بووە، لەهەمان کاتدا پێی وابوو، کە زۆرێک لە شاعیرانی ئێستا، کە شیعری سەربەست دەنووسن جیاوازی ناکەن لەنێوان قسەکردنی ئاسایی و شیعردا، ڕای وابوو، کە دەبێت ئەوەی دەینووسن هەم زمانێکی ئەدەبی و هەم واتایەکی هەبێت.

د.ع