شانۆگەریی''ئاشتی، ئاوێزان لە شەقامی گوڵڕەنگدا'' نمایشکرا

شانۆگەریی''ئاشتی، ئاوێزان لە شەقامی گوڵڕەنگدا'' کە بەرهەمی ڕێکخراوی نوێگەرە بۆ گەشەپێدانی هونەریی لە شاری سلێمانی نمایشکرا، شانۆگەرییەکە لە پەراوێزی ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا ئامادەکراوە و "جەنگەکان" ڕەتدەکاتەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەی شاری سلێمانی، شانۆگەریی''ئاشتی..ئاوێزان لە شەقامی گوڵڕەنگدا'' نمایشکرا، کە لەلایەن ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەرییەوە ئامادەکرابوو.

شانۆگەرییەکە لە پەراوێزی ١ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا ئامادەکرابوو و بەڵام ئەمڕۆ نمایشکرا، هونەرمەند ڕزگار محەمەد کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

چیرۆکی شانۆگەرییەکە سەرەتا بە یاری و شادی منداڵان دەستیپێکرد، پاشان دەنگی تەقە بەرزدەبێتەوە و چەندین کەس لە منداڵ، گەنج و پیر دەبنە قوربانی، دواتر هەنگاو بەسەر گۆمێکی خوێندا دەنێن و دەچنە بەردەم دوو تەرمی هەڵواسراو، پاشان دیمەنەکانی شەڕی خێزان و سەرکووتکردنی هاوڵاتیان نمایش دەکرێن.

پەیامی نمایشەکە وەک دەرهێنەرەکەی باسیکرد، ڕەتکردنەوەی جەنگی بەرەکان، کوشتار، جەنگی خێزان و جەنگی یەکتر قبووڵنەکردن بوو.

منداڵانی بەشداربوو لە شانۆگەرییەکە چەکەکان فڕێدەدەن و لە کۆتایی شانۆگەرییەکەشدا لەلایەن هەردوو ئەکتەری سەرەکیی شانۆگەرییەکەوە دوو کۆتری سپی هەڵدەدرێن، کە هێمان بۆ ئاشتیی.

١ی ئەیلولی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی ئاشتیی ناسێندراوە، ساڵانە بەبۆنەی ئەو یادەوە لە سەرانسەری جیهان چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.

ب.ش