شانۆیەک لەبارەی خراپبەکارهێنانی ئینتەرنێت نمایشکرا

تیپی شانۆیی پیرەمەگرون، شانۆگەرییەکی بە ناونیشانی "کوژەر" بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕانیە نمایش کرد، لە شانۆکەدا باسی خراپبەکارهێنانی ئینتەرنێت کرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ڕانیە تیپی شانۆیی پیرەمەگرون شانۆیەکی پێشکەش کرد، کە لەسەر خراپبەکارهێنانی ئینتەرنێت بوو.

تیپی شانۆیی پیرەمەگرون لە ساڵی ۲۰۰٤وە دامەزراوە و تا ئێستا ۳۲ بەرهەمی شانۆییان نمایشکردوە، شانۆیی "کوژەر" نوێترین بەرهەمی ئەوانە، کە باس لە خراپیی سۆشیال میدیا دەکات بە تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک.

ئومێد کەمال، نوسەر و دەرهێنەری شانۆیی کوژەر، بە ڕۆژنیوزی وت: بە داخەوە بەهۆی خراپبەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لەلایەن بەشێک لە کوڕان و کچانی ئەم هەرێمەوە، بووەتە هۆی لێکترازانی شیرازەی کۆمەڵگە و تەنانەت زۆر کات کارەساتی گەورەی لێکەوتوەتەوە.

ئومێد وتیشی: هەوڵدەدەین شانۆ ببەینە ناو خوێندنگاکان و زانکۆکان و ئەو پەیامە پەروەردەییە بگەیەنینە هەموو گەنجانی وڵاتەکەمان.


ک.ک