شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە دووتوێی فۆتۆکتێبێکدا

فۆتۆگرافەرێکی کەنەدیی زیاتر لە ٢٥٠ وێنەی لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە دووتوێی کتێبێکدا بە چاپ گەیاندووە و بە مەراسیمێک لە شاری سلێمانی فۆتۆکتێبەکەی بڵاوکردەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، فۆتۆگرافەری کەنەدیی جۆوی لۆرانس لە کۆتا ڕۆژی پێشانگا فۆتۆگرافییەکەیدا بەناونیشانی "ئێمە لە ئاگرەوە هاتووین" فۆتۆکتێبێکیشی بە هەمان ناونیشان بڵاوکردەوە.

ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس، فۆتۆگرافەر و چالاکوانان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردبوو، جۆوی لۆرانس بە وتارێک مەراسیمەکەی دەستپێکرد و باسی لەوەکرد، کە بە وێنەکانی دەوڵەتی تورکی تووڕەکردووە و ماڵپەڕەکەی لە تورکیا فلتەرکراوە، دەشڵێت: ئەگەر من کارێک بکەم بە دڵی تورکیا بێت، ئەوە بەهەڵەداچووم.

فۆتۆکتێبەکەی جۆوی ئەمساڵ چاپکراوە و لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمی ٢٥٠ وێنە و چیرۆکەکانی لەخۆدەگرێت، بەشی دووەمیشی پێکدێت لە یاداشتەکانی ئەو فۆتۆگرافەرە و چیرۆکی سەردانەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گێڕاوەتەوە.

جۆوی هەوڵیداوە فۆتۆکتێبەکەی لە کەنەدا یاخود ئیسپانیا لەچاپ بدات، بەڵام دواتر بەهۆی گرانیی نرخی چاپەوە بڕیاردەدات لە چین چاپی بکات، وەک خۆی دەڵێت، دەوڵەتی چین بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، چاپکردنی فۆتۆکتێبەکەی قەدەغەکردووە، بۆیە بڕیاریداوە لە ئیتاڵیا بەچاپی بگەیەنێت.

بڵاوکردنەوەی ئەم فۆتۆکتێبە لە کۆتا ڕۆژی پێشانگای فۆتۆگرافیی "ئێمە لە ئاگرەوە هاتووین" بوو، کە ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوامبوو و ٥٧ وێنەی فۆتۆگرافیی تێدا نمایشکرابوو، جۆوی داهاتی پێشانگاکەشی پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستان کردبوو.

جۆوی لۆرانس لەدایکبووی وڵاتی کەنەدایە و ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دژ بە چەتەکانی داعش، جۆوی ڕوو لە ڕۆژئاوا دەکات و بە زوومی کامێراکەی وێستگە جیاجیاکانی ئەو بەرخۆدانە تۆمار دەکات.

ئەو فۆتۆگرافەرە تاوەکو ئێستا چوار جار سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و چووەتە شارۆچەی شەنگال و کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودیش لە مەخمور و وێنەی بەرخۆدانی گەریلا و شەڕڤانانی دژ بە چەتەکانی داعش تۆمارکردووە.

جۆوی وەک خۆی دەگێڕێتەوە، لە یەکەم سەردانیدا پێی وانەبووە کە بەرهەمی سەردانەکەی کتێبێکی لەمشێوەیە دەبێت، بەڵام "میوان دۆستیی کوردەکان وایلێکردووە سێ جاری دیکە بێتەوە و وێنە و دۆکیۆمێنت تۆمار بکات و بیکاتە کتێب".

ب.ش