شۆڕش و عەشق لە دەنگی مەرزیەدا

۱۳ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبێژ مەرزیە فەریقی و ئەگەر چی بە جەستە نەماوە، بەڵام بە دەنگە بەسۆزەکەی لە گوێی هەموواندا دەزرنگێتەوە.


ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبیژی ناوداری کورد مەرزیە فەریقییە، کە لە۱۸ ئەیلولی ۲۰۰٥، لە نەخۆشاخنەیەکی وڵاتی سوید گیانی لەدەستدا.

مەرزیە کێیە؟

مەرزیە فەریقی، لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٨ شاری مەریوانە و خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەستپێکردووە، ھەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە و  چەندین جار لە بۆنە و جەژنەکانی خوێندنگاکاندا بەشداری چالاکی جۆراوجۆری کردووە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.

مەرزیە ‌لە ‌سەرەتادا، بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانەی وەلیدی، دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، بەڵام زوڵم و زۆری دەوڵەتی دەسەڵاتدار و هەوڵدانیان بۆ لەناوبردنی هونەری ڕەسەنی کوردیی کاریگەریی لەسەر مەرزییە داناوە و وایلێکردووە لە گۆرانی فارسیی دوورکەوێتەوە و بە کوردیی چڕین بکاتە بە ڕێچکەی سەرەکیی، بە ئامانجی برەودان بە زمان و ڕەسەنایەتی زمان و هونەریی کوردی.

ئەو هونەرمەندە، هەر لە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان،  بۆ درێژەدانی بە خوێندن و زانست دەچێتە شاری سنە و قۆناغی ئامادەیی و پەیمانگای مەڵبەندی تەواو دەکات، ھەرلە سنە لە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ گروپی مۆسیقای سنە چەندین جار دەچێتە سەر سەکۆی شانۆ و گۆرانی دەڵێت، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێکی نزیک ئەو شارە دەبێتە مامۆستا و دوای دوو ساڵ بە گەڕانەوەی بۆ سنە دەبێتە وانە بێژی خوێندنگایەکی سەرەتایی.

مەرزیەی هونەرمەند، لە تەمەنی ۲۱ساڵییدا، لەگەڵ هونەرمەند ناسر ڕەزازی ژیانی هاوسەرگیریی پێک دەهێنێت، بەڵام بەهۆی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەشدارییکردنی لە شۆڕش و زۆرێک لە ناڕەزایەتییەکان و خەبات لە دژی شا، دەکەوێتە ژێر چاوەدێریی و کە ‌کۆماری ئیسلامیـ یش دێتە سەر کار، لە گەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ ڕزگاریی کوردستان ھەر درێژە ‌پێدەدات، لە دوای زیندانی کردنی بۆ ماوەیەک، مافی مامۆستایی و وانە وتنەوەی لێدەستێنرێتەوە.

لە ساڵی ١٩٨٠ کە کۆماری ئیسلامی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لە بەر هەڕەشەی گرتن، نەیتوانی لە شاردا بمێنێتەوە، بۆیە دەبێتە پێشمەرگە و هاوڕێ لە گەڵ ناسر لە شاخدا لەناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، درێژە بە تێکۆشان دەدات.

مەرزیە لە شاخ-یش لە هونەر دانەبڕا، بەڵکو کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕیی تۆمارکرد، کە لەوکاتەدا لە ڕادیۆکان پەخش دەکرا، ئیدی دەنگی مەرزییە سنوورە دەستکردەکانی تێکشکاند و گەیشتە گوێی هەر کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا و بە گوێگرتن لێی هەستی نیشتیمانپەروەریی خەڵک زیاتر دەبوو.

مەرزیە جگە گۆرانیی و سرودی نیشتیمانیی گۆرانیشی بۆ عەشق وتووە و بەرهەمەکانی  تائێستاش، بوونەتە وێردی سەر زاری خەڵک و دەوترێنەوە.

مەرزیە، لە دوای شۆڕشی ئێران لە گەڵ خێزانەکەی ڕوویکردە تاراوگە و لەوێ بە دریژەی بە تێکۆشان و خزمەتکردنی هونەری کوردییی دا،

هونەرمەند مەرزیەی فەریقی، کە دایکی هەریەک لە دڵنیا و کاردۆ و ماردین-یش بووە، لە تەمەنی ٤۷ساڵیی لە۱۸ئەیلولی ۲۰۰۵، بە نەخۆشی دڵ و لە ژێر نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوید کۆچی دوایی دەکات و بە وەسیەتی خۆی تەرمەکەی دەیهێنرێتەوە باشوری کوردستان و لە گردی سەیوان و ئامێزی سلێمانیدا بە خاک دەسپێردرێت.

ش.ف