شیرین لە پێشانگایەکدا بەهاری لە ئامێزی پاییز نەخشاندبوو

پێشانگایەک بۆ شیرین محەمەد لە ژێر ناونیشانی'شیعر و نیگار لە ئامێزی شیرین-دا' کرایەوە، ئەگەرچی وەرزی پاییزە و بەرەو گەڵاڕێزان دەچین، بە تابلۆکانی بەهاری لە ئامێز پاییزدا نەخشاندبوو.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەلەری مۆزەخانەی شاری سلێمانی، پێشانگایەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی مامۆستای شێوەکار شیرین محەمەد کرایەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

پێشانگاکە بە تابلۆکان و چەند کەرستەیەکی کلتوری داپۆشرابوو، هەروەها بە ڕووناکی مۆمەکان ڕازیندرابوویەوە.

تابلۆکانی شیرین محەمەد، بریتی بوو لە ٢٩ تابلۆ کە لەگەڵ هەر تابلۆیەک دێڕێک نووسراوە یاخود شیعری لەگەڵ دا بوو کە گوزارشت بوون لە گوڵ و سروشت و جوانییەکانی.

وەک شیرین محەمەد باسی لێوەدەکات، کە ئەوینداری گوڵە، هەر بۆیە زۆربەی تابلۆکانی گوڵ و جوانیەکانی سروشتە، هاوکات پێی وایە کە گوڵ هاوڕێی خۆشی و ناخۆشی مرۆڤە و دەتوانرێت لە هەر دوو لایەندا چێژی لێببینێت.

ئەو شێوەکارە دەیەوێت لە رێگای ئەم تابلۆیانە پەیامی خۆشەویستی و ئاشتی و پێکەوەژیان بەهەموو لایەک بدات.

 ب.ش