"شیعری کلاسیک خەزێنەیەکی ئەدەبیی گرنگە و دەبێت بپارێزرێت"

باست حەمەغەریب، کە ساڵانێکە شیعری کلاسیک بەدەنگ دەخوێنیتەوە و گوێگرێکی زۆری لەدەوری خۆی کۆردووەتەوە، شیعری کلاسیک بە خەزێنەیەکی ئەدەبیی گرنگ بۆ کورد ناودەبات و داوای کۆکردنەوە و پاراستنی دەکات.


بەدرێژایی مێژوو کورد ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاریی بووەتەوە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری بەرهەمە  ئەدەبییەکانی لەناوبچێت، تا ئێستاش داگیرکاریی و هێرش بۆ سەر کوردستان بەردەوامە و هەوڵی لەناوبردنی کولتور و ئەدەبیاتەکەی دەدرێت.

باست حەمەغەریب، وەک ئەدەب دۆستێکی دیاری باشوری کوردستان، کە ساڵانێکە لەڕێگەی خوێندنەوەی شیعری کلاسیکەوە، گرنگیی بە پاراستنی ئەدەبیاتی کلاسیک دەدات و گوێگرێکی زۆری هەیە، لەم ڕێپۆرتاژەدا سەرنجی خۆی لەسەر گرنگیی شیعری کلاسیک و جیاوازیی لەگەڵ قۆناغەکانی دیکەی شیعر دەخاتەڕوو.

ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە، شیعری کوردیی بەسەر چەند قۆناغێکدا بەش دەبێت و کلاسیک یەکەمین قۆناغە، بەدوای ئەویشدا ڕۆمانتیک و پاشان ڕیالیزم و هەتا ئێستاش شیعری ئازاد بە دواین قۆناغ دادەنرێت.

باست حەمەغەریب، شیعری کلاسیک بە گرنگترین و جیاوازترین ناودەبات و پێیوایە، خەزێنەیەکی ئەدەبیی زۆر گرنگە بۆ کورد، بەڵام وەک ئەو باسی دەکات"بەشێک لە شیعری نوێ بەتایبەت ئەوانەی دەکرێن بە گۆرانیی تەنها چەند تێکستێکی لاوازە و ناچنە قاڵبی شیعرەوە".

باست ئاماژەی بە گرنگیی شیعری ڕۆمانتیکیش کرد و وتی: شیعری ڕۆمانتیک گرنگییەکی زۆری هەیە، کە لە شیعرەکانی مەولەوی و مستەفا بەگی بێسارنی و چەند شاعیرێکی دیکەدا ڕەنگی داوەتەوە، جیاوازییەکەشی لەگەڵ شیعری نوێ یان ئازاد-دا ئەوەیە، شیعری کلاسیک و ڕۆمانتیک، کێش و سەروا و وەزن و قافییەیان هەیە، بەڵام شیعری نوێ زیاتر دەچێتەوە سەر پەخشان و سنوور و چوار چێوەیەکی دیاریکراویان نییە.

سەبارەت بە ئەدەبی نووسراو-یش، باست وتی: بەشێکی زۆری ئەدەبی نووسراوی ئێمە ون بووە و نەماوە، بەهۆی ماڵ بەکۆڵی و شەڕی دووژمنانەوە بەرهەمە ئەدەبییەکان لەناوچوون، بە جۆرێک ڕەنگە شاعیری زۆر گەورەمان هەبێت، بەڵام بەهۆی لەناوچوونی شیعرەکانیانەوە ئێستا کەس نایانناسێت، وە چەند شاعیرێکی دیکەی زۆر باشمان هەیە،  کە تەنیا دیوانێکی بچوکیان لەدوا جێماوە، لەوانەیە زۆر زیاتری نووسیبێت، سەرەڕای ئەوەش دەکرێت بڵێین شانسیان هەبووە، کە ئەو دیوانە بچوکانەشیان لەدوا جێماوە.

سەرباری گرنگیی ئەو بەرهەمە ئەدەبییانە بۆ فەرهەنگ و کولتوری کورد، بەڵام ئەو ئەدەب دۆستە ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرێت، کە 'نەیتوانیوە لەڕێگای ناوەندێکی ڕێکخراوەوە کار بکات بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخسن و پاراستنی بەرهەمی شاعیر و نووسەرەکان، هەروەها ناوەندە ئەکادیمییەکانیش وەک پێویست بەخەمیەوە نین، ئەمەش ئەدیب و ئەدەب دۆستانی نیگەران کردووە'.

 باست زیاتر باسی گرنگی پاراستی بەرهەمە ئەدەبییەکانی کرد و وتی: لەسەردەمی ڕژێمی عێراقدا کۆڕی زانیاریی کورد کۆمەڵێک کاری باشیان کرد، بەڵام لە ئێستا هەموو هەوڵەکان تاکەکەسین وەک ئەوەی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و کوڕەکانی کردیان لە کۆکردنەوە و لێکدانەوەی شیعری کلاسیک-دا.

 باست حەمە غەریب یەکێکە لەو کەسانەی کە  ماوەی چەندین ساڵە بە هەوڵی تاکەکەسی خۆی هەوڵی پاراستنی شیعری کلاسیک دەدات، لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرهەمە شیعرییەکان، وەک خۆی دەڵێت: لەڕێگای تۆمارکردنی شیعرەکانەوە بەدەنگ خەڵکی زیاتر گوێ لە شیعرەکان دەگرن، ئەمە وادەکات بەردەوام بەرهەمەکان بە زیندوویی بمێننەوە، ئەو شیعرانەشی کە هەڵیاندەبژێرم بۆ خوێندنەوە دەبێت سەنگی ئەدەبیی خۆتان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا لە ساڵانی ڕابردوودا لە دیوەخان  و کۆبونەوەی شەوانەدا ئەم شیعرانە خوێندراونەتەوە، دواتر لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆژیا لەسەر سی دی و لەناو مۆبایل  تەکنەلۆژیاکانی تر  تۆمار دەکرێت و گوێی لێدەگیرێت بەم جۆرەش  سوود بە ئەو کەسانەش دەگەیەنێت، کە  نەخوێندەوارن و لە لەناوچوونێش دەیان پارێزێت.

 لە جیهاندا و لەو وڵاتانەی بایەخ بە ئەدبییات و مێژووی وڵاتەکەیان دەدەن، بەشێکی زۆری بەرهەمە ئەدەبیی و هونەرییەکانیان لە ناوەندی گرنگ و پارێزراودا دەپارێزن، تا بتوانرێت لە هەموو سەردەمێکدا سودی لێ ببیندریت و ببێتە سەرمایەیەکی گەل و شاعیران و هونەرمەندن و خوێندکارانی زانکۆ و توێژەکانی دیکە  سودی لێببینن، ئەدیب و ئەدەب دۆستانی باشوری کوردستانیش پێیانوایە، کە کاتی ئەوەیە لە باشور-یش بە گرنگییەوە لە بابەتەکە بڕواندرێت و ئەو هەوڵانەی کە هەیە بۆ پاراستنی ئەدەبیات لە ناوەندێکی تایبەتدا یەکبخرێت و کار بکەن بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی بەرهەمی تەواوی نووسەرەکان.

ش.ف