شێرکۆ بێکەس.. شاعیری ژن و نیشتیمان و ئازادیی

شێرکۆ بێکەس، یەکێک لە شاعیرە گەورە و ناودارەکانی کورد و جیهانە، ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بە شیعرەکانی خزمەتی بە هونەری کوردی و مرۆڤایەتی کردووە، لە کۆێ کوردێک، ژنێک، مرۆڤێک تووشی ئازار بووبێت شێرکۆ و شیعرەکانی لەوێ بوون، لەم چوارچێوەیەدا دەیان شاکاریی خستووەتە کتێبخانەی کوردیی،هاوڕێیەکی دەڵێت "شێرکۆ شاعیرێکی جیهانی و مرۆڤ دۆستە، ڕەخنەگرە و لەگەڵ پرسی ژناندایە".


ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس-ی شاعیری ناوداردا تێدەپەڕیت، شێرکۆ لە سەرەتای نووسینیەوە تا کۆچکردنی توانیویەتی خزمەتێکی گەورە بە ئەدەبیاتیی کوردیی و جیهانی بکات، کە لە نێو دەقەکانیدا ئازارەکانی کوردی بە چەندین زمان گەیاندووەتە گوێی هەموو ئەدەب دۆستانی جیهاندا.

شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس-ە و ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە، نازناوەکەشی هەر لە باوکییەوە وەرگرتووە، تەمەنی هەشت ساڵان بووە بێکەسی باوکی ساڵی ١٩٤٨ کۆچی دوایی کردووە.

منداڵی و لاوێتی شێرکۆ بێکەس پڕ بووە لە ئازار و ژانی بێکەسی و نالەباری ڕەوشی ئابوری، لە نێو هەلومەرجی سەخت و بێکەسیدا قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە، شێرکۆ یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە رۆژنامەی ژین بڵاوکردووەتەوە، ئەو شاعیرە لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ نەسرین میرزا ژیانی هاوسەری پێکهێناوە.

ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە (بەغدا) لە چاپدا، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شعری نوێی کوردییەوە بڵاوکردەوە.

شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٨٧ لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی" وەردەگرێت، خەڵاتەکەی لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی سوێد ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەش دەکرێت.

دواتر و ١٩٩٢ لە سویدەوە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە هەمان ساڵدا دەبێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لەیەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا، دوای ئەوەی فرانسۆ هەریری فەرمانی داخستنی 'ڕۆژنامەی وڵات' دەدات، کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەبێت لەسەر پشکی پارتی، لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٩٣دا دەست لەکار دەکێشێتەوە.

شێرکۆ بێکەس، ئەندامی ئەکنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئەمریکا و کەنەدا بوو، لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی کۆمەڵێک کەس و ھاوڕێی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی لە شاری سلێمانی دامەزراند، کە هەتا ئێستا لە بواری چاپ و پەخشدا خزمەت بە نوسەران دەکات و شوێنی تایبەتی شێرکۆ بێکەس لەناو دەزگای سەردەمدا وەک خۆی ماوە و دەستکاری نەکراوە.

شێرکۆ خاوەنی چەندین ئەزموونی جۆراوجۆرە لە نووسین و شیعردا، ئەو بە شیعر، شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، داستان و گەلێ بەرهەمی دیکەی ئەدەبی نووسیوە و خاوەنی ٤٣ بڵاوکراوەیە، بە شێکی زۆریان جگە لە زمانی کوردی وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی دونیا، لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی تا ئەو ساڵە لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپدا.

لە زۆرینەی شیعرەکانی شاعیردا، زۆرجار باسی نیشتمانپەروەری و عشق و ئازادی و ژینگە و نادادی دەسەڵاتی کردووە، هەروەها وەکوو شاعیرێکی ئەزموندار و نەتەوەیی و هاوتای هەندێک لە گەورە شاعیرانی مێژووی کورد درکی بە تەواویی ئازارەکانی گەلەکەمان کردووە، جگە لەوانە بەتایبەت لەسەر دۆخی ژنانی کورد و ئازارەکانیان چەندین شاکاریی نووسیوە.

شوان عەتوف هونەرمەند و درهێنەری سینەمایی و هاوڕێی شاعیر، لەسەر کەسایەتی شێرکۆ بێکەس دەڵێت "شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی نا سروشتی سەر گۆی زەوی بوو نەک بەتەنها کورد، دیاردەیەکی سەیری سەردەمی خۆی بووە، لەبەر ئەوە فرە ڕەهەندە، من منداڵ بووم کاتیک ئەو شیعری دەنوسی، لە ساڵی هەشتاکاندا سەرەتا کە دیوانی سەرسوڕهێنەری کازیوەم خوێندەوە منی ئاشناکرد بە کێشە و شۆڕشە سیاسییەکانی کوبا و چیلی و فەلەستین تا دەگەڕێتەوە کوردستان".

هەمیشە وتراوە، شێرکۆ دروستکەرو شارەزایی زمانیی کوردیی و ئەدەبی کوردیی بووە، لەم بارەیەوە عەتوف وتی "کاتێک دەستمکرد بە گەڕان تا شێرکۆ بناسم، وەک تەقینەوەیەکی زمانەوانی و فەرهەنگێکی گەورە لە زانیاری هاتە بەردەمی من وەک گەنجێک، بۆمن تەقینەوەیەکی گەورەی خەیاڵ بوو لەبەردەم ئەو پۆرترێتە شیعریانە و ئەو ڕۆشنبیری و زمانە ئەنتەرناسیۆنالیستەی کە هەڵگری بوو لەناو کازیوەدا، دواتر دوای کەوتم بۆ کەژاوەکانی مەرگ و داستانی هەڵۆی سور و هەتا کۆتا قەسیدەی کە خۆم دەرهێنانم بۆ کرد بەناوی ئێستا کچێک نیشتمانمە، بۆیە هیچکات ناتوانرێت شێرکۆ و شیعر لەیەک جیابکرێتەوە".

شوان زیاتر لەسەر کەسایەتیی و ئەدەبییاتی شێرکۆ دواو وتی: شێرکۆ شاعیرێکی جیهانییە و مرۆڤ دۆستە، ڕەخنەگرە، لەگەڵ ژن-دایە، لەگەڵ شکانی چڵێک لە دار هەناردایە، خۆی دەکات بە قوربانی بۆ هەموو تراژیدیاکانی کورد، ئازار دەچێژێت لەباتی ئێمە، ئازار و تراژیدیای کوردی لەکۆڵنابوو لەبری هەموومان.

لە کاتی لە سێدارەدانی پۆلێک وڵاتپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا "شەهید مامۆستا فەرزادی کەمانگەر و شیرین عەلمهولی ... هاوڕێکانیان"، لە هۆنراوەیەکدا دەنووسێت:

من ئیتر لەمڕۆوە ئاشقی چاوانی(شیرین عەلەم هولی)م

لەمڕۆوە هەرچی شێعرم هەیە

ئەیانکەم بە گوڵی گۆرانی بۆ باڵای(شیرین عەلەم هولی)

لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم

لەئێستەوە من نینۆکی پەنجەی ئەوم

لە ئیستەوە من ئیتر ئەبمە

ئەو جووتە پێڵاوەی کە بۆ دواجار لە پێی کرد و

پێوەی چووە سەر سێدارە

لە ئێستەوە من بازنگی بە جێماوی دەستی(شیرینی عەلەم هولی)م

وورەی بە جێماوی ئەوم

خەونی بە جێماوی ئەوم

من ئێستە بووم بە جانتا بچکۆلە دەستییەکەی(شیرین عەلەم هولی)

بە شانەی قژی و بە ئاوێنەی تەماشای

من ئێستە بووم بە دوا تیکە نانی بە جێماوی و

بە دوا نامەی نیوە شەوی و

من ئێستە بووم بە خۆڵی ژێر پێڵاوەکەی(شیرین عەلەم هولی)..

شێرکۆ بێکەس ساڵانێکی زۆرە دژی یەکنەگرتنی کوردان بووە، هەمیشە ئەو پێی وابووە، کە یەکنەگرتن زیانێکی زۆری بە دۆزی ڕەوای کورد و کوردستان داوە، لە شیعرێکدا بەناوی "دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە" کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٥٥ ساڵ بەر لە ئێستا، لە بەشێکیدا نووسیویەتی:

 

دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە

پێمان ئەڵێن:

بەرد بن، دار بن

ئەڵقە لە گوێ و خزمەتکار بن

مەڕبن، مار بن

ئادەی ئینجا شێت بن، هار بن

ئەڵێین: باشە

بتی دارو بەردمان پەرست

تاجی هەزار، شای بێگانەی

خوێنە خوێمان

دانا و پەرست

چەند پێڵاوی دوژمنانی

تازە و کۆنمان

جووت کرد، پەرست

ئەممان پەرست، ئەومان پەرست

دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە

تەنها هەر خۆمان نەپەرست..

شێرکۆی بێکەس دوای ئەوەی لە شاری سلێمانییەوە بەهۆی نەخۆشییەوە سەردانی وڵاتی سوید-ی کرد، لە ڕۆژی ٤-٨-٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی ئەو وڵاتە کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

س.ح