شێوەکارێک شەقام دەکاتە پێشانگا و ناوەندی تابلۆ کێشان

لەناو ژاوەژاو و قەرەباڵغیی بازاڕدا، خەڵک سەرگەرمی کڕین و فرۆشتنن و محەمەدی شێوەکار-یش لە گۆشەیەکی شەقامدا سەرقاڵی هونەرەکەیەتی و تابلۆ دەکێشێت.


بەناو بازاڕی شارۆچکەی کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان-دا تێدەپەڕیم، گەنجێک لە گۆشەیەکی بازاڕەکەدا سەرنجی ڕاکێشام، دوور لە ژاوەژاوی بازاڕ و بە بێدەنگیی سەرقاڵی وێنەکێشان بوو.

ئەو گەنجە، محەمەد شەهاب-ە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ –ە، دایکی خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و محەمەدیش لە کرماشان لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠١٠ گەڕاونەتەوە بۆ باشوری کوردستان و لە کەلار نیشتەجێ بوون.

محەمەد، لە پەیمانگا و کۆلێژە هونەرییەکان نەیخوێندەوە، بەڵکو تابلۆ کێشان هونەرێکی خۆڕسکە و لە باوکییەوە وەریگرتووە، لەگەڵ گەورەبوونیشدا زیاتر پەرەی پێداوە، ئێستا بووە بە شێوەکارێکی بەتوانا.

ئەو گەنجە شێوەکارە، ئەگەر بیەوێت تابلۆی کەسێک بکێشێتەوە، وێنەیەکی کەسەکە وەردەگرێت و لە ماوەی کاتژمێرێک تا کاتژمێر و نیوێک تابلۆیەکی هاوشێوەی وێنەکە دەکێشێتەوە، بێ ئەوەی جیاوازییەکی بەرچاوی هەبێت، ئەگەریش کەسێک بیەوێت راستەوخۆ تابلۆی بکێشرێت، ئەوا دەبێت لەو ماوەیەدا لەبەردەمیدا بێت، تاکو بتوانێت تابلۆکەی بۆ بکێشێت.

کارەکانی زیاتر هونەری هایپەرڕیاڵ و فۆتۆڕیاڵن و لەسەر کاغەز و بە قەڵەمی کونتە و گرافیک دەیانکێشێت، لەبەرامبەر کێشانی هەر تابلۆیەکیشدا، بڕێک پارە لە کەسەکە وەردەگرێت، بەمەش بژێویی خۆی پەیدا دەکات.

ئەگەرچی ئەوکەسانەی لە دەوروبەری محەمەد کۆبووبوونەوە تا تەماشای کارەکانی بکەن و وێنەیەکی خۆیانی بدەنێ، بۆ ئەوەی بیکێشێتەوە پیاو بوون، بەڵام بەشێکی زۆر تابلۆکانی ژن بوون، لەوبارەیەوە محەمەد بە ڕۆژنیوزی وت: لای من ژن سەرچاوەی هەموو جوانییەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆمەڵگای خۆمان پەراوێز و زوڵملێکراون، هەروەها بەزۆری پیاوان دێنە لام  داوام لێدەکەن وێنەیان بکێشم، ژنانیش دەخوازن بەڵام بەهۆی ئەقڵێتی جیاکاریی کۆمەڵگاوە ناتوانن، بۆیە بۆ ڕاکێشانی ژنان-یش بۆ ناو هونەر تابلۆی ژنان دەکێشم.

ئەو گەنجە شێوەکارە، هیوا دەخوازێت، کە شوێنێکی تایبەت بە کارکردنی هەبێت، تا بتوانێت فێرخوازان فێری هونەری شێوەکاریی بکات.

ش.ف