شێوەکارێک وێنەی کەسایەتیەکان لەسەر کریستاڵەکان دەدرەوشێنێتەوە

لە ڕێگەی هەڵکۆڵینەوە وێنەی کەسایەتییەکان لەسەر کریستاڵەکان دەدرەوشێنێتەوە، ساڵانێکە دەست و پەنجەی لەگەڵ شوشەکاندا نەرم کردووە، وێنەکان دەکاتە بەشێک لە شێوەیان، لە کەرەستەیەکی بەکارهێنراوەوە دەیانگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی هونەری.


کارێکی پڕ لە زەحمەت ئەنجامدەدات، لەسەر شوشەی كریستاڵ وێنەی شاعیر و خانمە ناودارەكانی كورد دەنەخێشێنێت، هەندێکجار دۆزینەوەی شوشە کریستاڵەکان بۆ ئەو قورسترە لە هەڵکۆڵینی وێنەکان لەسەریان.

هونەرمەندی شێوەکار کاربین عومەر، لەساڵی ١٩٧٠ لەشاری هەڵەبجە لەدایكبووە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانە لەبەشی  كوردی، لە دوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە سەرقاڵی هونەری شێوەکارییە و تا ئێستاش چەندین وێنەی ناوازەی کێشاوە و لە ماڵەکەی خۆیدا دایناوە.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتیشدا، کاربین پەرەی زیاتری بە کارەکەی داوەو ماوەی پێنج ساڵە، لە پاڵ پیشەی مامۆستایەتیەکەیدا، سەرقاڵە بە هەڵکۆڵین و نەخشاندنی وێنە لەسەر شووشەی کریستاڵ.

هەرچەندە کاربین ئاستەنگی زۆری بۆ دێتە پێشەوە و بەشی هونەریشی نەخوێندووە، بەڵام بە تاقەتە لە کارەکەیدا و زۆربەی کاتە بەتاڵەکانی لە هەڵکۆڵین لەسەر کرسیستاڵەکان بەسەردەبات.

گەڕان بەدوای شوشە کریستاڵەکاندا بەشێکی ترە لە کاری ئەو شێوەکارە و بەوتەی خۆی زۆرجار دەستخستنی شوشەیەکی کریستاڵ قورسترە لە هەڵکۆڵینی وێنەیەک لەسەری و ئاماژەی بەوەشكرد، کە شووشەكان زیاتر لەو دووكانانەدا پەیدا دەكات کە كاری فرۆشتنی بالەی ئەوروپی دەكەن.

هەرچەندە کارەکانی ئەم شێوەکارە ناوازەو تایبەتن، بەڵام نەبوونەتە بەشێک لە سەرچاوەی داهات و بژێوی ژیانی، نەک هەرئەوەندە، بەڵکو بەشێک لە داهاتەکەشی لە کارەکەیدا خەرج دەکات.

لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە دەستی بە هەڵکۆڵینی وێنەکان کردووە لەسەر کریستاڵەکان، تا ئێستا ٣٠ وێنەی کەسایەتی و شاعیرو خانمە ناودارەکانی کورد و هەڵەبجەی لەسەر شوشەی کریستاڵ نەخشاندووە و زۆربەیانی لە ماڵەکەیدا هەڵگرتووە لەوانەش وێنەی نالی، مەلا مارفی كۆكۆیی، قازی محەمەد، هەژار، قالە مەڕە و چەندین كەسایەتی دیكەی دروستكردوە.

کارەکەی کاربین زەحمەتی زۆری تێدایە، شکانی کریستاڵەکان لە هەڵکۆڵینی وێنەکاندا، کێشەیەکی بەردەوامی ئەوە، چونکە بەوتەی خۆی، ڕێژەی کریستاڵ لە پێکهاتەی ناو شوشەکاندا کەمە و هەر ئەوەش وایکردووە، نەک هەر ترسی شکانیانی هەبێت، بەڵکو وێنەکانیش بە جوانی نا نەخشێرێن لەسەریان، بە پێچەوانەشەوە کریستاڵە ئەسڵەکان وێنەکان بە جوانترو بەرجەستەکراوتر دەدەنەوە.

هونەری هەڵکۆڵین لەسەر شوشە، بە یەکێک لە زەحمەتترین کاری هونەری شێوەکاری دادەنرێت، زۆرترین سەلیقەو داهێنانی پێویستە، کەمتر دووبارەبوونەوە و تەکنیکی باوی تێدا بەکاردەهێنرێت، بەڵام کارەکەی کاربین خۆی لە هونەری هەڵکۆڵین دەبینێتەوە، بەڵام تەکنیک و شێوازی تایبەت بە خۆی تێدا بەکاردەهێنێت، لەهەمانکاتیشدا کارەکە لە کوردستاندا بایەخی پێنەدراوە و شێوەکاران کەمتر بەلای ئەو کارەدا دەچن.

ک.س