شەوچەرە ڕۆح دەکاتەوە بە بەر کلتور و نەریتە کوردەوارییەکاندا

شەوانی زستان، سوارچاکان و هونەرمەند و ئەدەب دۆستان و توێژە جیاوازەکانی گەرمیان، لەماڵی کەلەپوری گەرمیان بۆ شەوچەرە کۆدەبنەوە، بەداب و بەرگی کوردەواریی و یاری و خواردنە کوردەوارییەکان شەوەکەیان دەڕازێننەوە و ئامانجیشیان پاراستنی کلتور و نەریتە کوردەوارییەکانە.


شەوچەرە، یەکێکە لە نەریتە دێرین و دانسقە کوردەوارییەکان، کە لە شەوانی درێژ و ساردی زستاندا سازدەکرێت، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەشێوازی جیاواز بەڕێوەدەچێت، ئەم نەریتە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، سوارچاکان و هونەرمەند و ئەدەب دۆستان و حیکایەت خوێن و توێژە جیاوازەکان لە ماڵی کەلەپوری گەرمیان کۆدەکاتەوە و شەوێکی پڕ لە چالاکی ئەدەبی و هونەری و کلتوری، لەگەڵ خواردن و یارییە کوردەوارییەکان، بەسەردەبەن، ئێمەش ئەم بابەتەمان بۆ ئامادەکردوون، تا بینەران و خوێنەران زیاتر ئاشنای شەوچەرەی گەرمیان بن.

شەوچەرە تام و چێژێکی تایبەت و کوردەواریی هەیە، کە ئەو شەوە بە شیعر، گۆرانی، پەخشان و یاری و خواردنە کوردەوارییەکانی وەک کڵاوێن و کونجی و خورما بەسەردەبەن و بە جل و بەرگی کوردەواری و لەبەرکردنی کەوا و سەڵتە و مشکی و فەرەنجی شەوەکە دەڕازێننەوە.

هەڵپەڕکێ و مەتەڵ'یش لەپاڵ خواردنە کوردەوارییەکاندا، جۆش و خرۆش و گەرموگوڕی به شەوەکە دەبەخشێت، بەشدارانی دانیشتنەکان باس لەوە دەکەن، هەموو ساڵێک لەگەڵ هاوڕێکانیان و خزم و دۆستانیان کۆدەبنەوە و ئامانجیان پاراستن و زیندووکردنەوەی ئەو کلتور و نەریتە کوردەوارییە دێرینانەیە، کە لە مێژووی گەلی کورد و سەردەمی باوک و باپیرانیاندا بوونی هەبووە.

ساڵەحی کەلەپور خاوەنی ماڵی کەلەپوری گەرمیان، دەڵێت: بۆ ئەوەی کلتور و دابونەریتی ڕەسەنی کوردەواری کاڵ نەبێتەوە و نەوەکانمان بەو نەریتانە ئاشنا بکەین، پێویستە بەردەوامی بەم جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە و شەوچەرانە بدەین.

جێگای ئاماژەیە، هەرچەندە لە مێژوودا شەوچەرەکان ژن'یش تێیدا بەشداربووە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا تەواو تەرخان کراوە بە پیاوان و ژنان تێیدا بەشداریی ناکەن.

س.ح