شەڕڤانان ئاڵای سەرکەوتنیان لە باغۆز هەڵکرد.. نوێکراوەتەوە

هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، دوای ئەوەی شارۆچکەی باغۆزی دێرەزۆر کە دوایین مۆڵگەی چەتەکانی داعش بوو ڕزگار کرد، ئاڵای سەرکەوتنیان لە ناوچەکە هەڵدا.


شەڕڤانانی قەسەدە لە چوارچێوەی شەڕی لەناوبردنی تیرۆر لە هەنگاوی گەردەلولی جزیرەدا، شارۆچکەی باغۆزیان ڕزگارکرد کە دوایین مۆڵگەی چەتەکانی داعش بوو، بەوەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی چەتەکان لەسەر خاکی سوریا هێنا.

قەسەدە ڕۆژی ٢١ی ئازار واتا ڕۆژی نەورۆز ڕایگەیاند، کە ناوچەکەیان لە چەتەکانی داعش پاککردووەتەوە، بەڵام کاری گەڕان و پشکنین بەردەوامە.، دواجار و ئەمڕۆ بە مەراسیمێک ئاڵای خۆیان لە سنوورەکە هەڵدا.

لە مەراسیمەکەدا چیا فرات، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی باغۆز، زۆرێک لە فەرماندەکانی دیکەی قەسەدە، وتەبێژی قەسەدە و زۆرێک لە شەڕڤانان ئامادە بوون، ئاڵای قەسەدە لە باغۆز کە لەسەر سنووری نێوان سوریا و عێراقە هەڵدرا.

فەرماندە چیا فرات لە مەراسیمەکە قسەیکرد و ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی لە هەموو شەڕڤانان و گەلانی ناوچەکە پیرۆز کرد و، وتی: دوایین ناوچەمان لە دەستی داعش ڕزگارکرد و وەها کۆتایمان بە هەنگاوەکە هێنا، ئەم سەرکەوتنە سەرەتا دیاری گەلانی کورد، عەرەب و سوریانی و هەروەها هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهان دەکەین، ڕایدەگەینین کە کۆتاییمان بە دەسەڵاتی جوگرافی داعش هێناوە و هەنگاوەکەمان کۆتایی پێهێناوە.

چیا فرات هەروەها ئاماژەشی کرد کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوو، فەرماندەیی گشتی قەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بەرفراوان بلاودەکاتەوە.

 

س.ح