فۆتۆگرافەران بە وێنە کەلتور و سروشت نیشاندەدەن

پێشه‌نگایه‌کی فۆتۆگرافیی بۆ چوار فۆتۆگرافه‌ر له‌ چۆمان کرایه‌وه،‌ که‌ فۆتۆکان گوزارشت بوون له‌ کەلتور و سروشتى کوردستان، فۆتۆگرافه‌رێکیش ده‌ڵێت: هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ ڕێگاى فۆتۆکانمانه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ کەلتور و سروشتى کوردستان بکه‌ین.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی ناوه‌ندى که‌لتورى چۆمان، چوار فۆتۆگرافه‌رى شاره‌ جیاجیاکانى باشوری کوردستان، پێشه‌نگایه‌کى فۆتۆگرافیان بۆ وێنەکانیان کردەوە له‌ژێر ناونیشانى "فۆتۆ نه‌بینراوه‌کان".

ساماڵ تۆفیق، یه‌کێک له‌ فۆتۆگرافه‌ران له‌باره‌ى پێشه‌نگاکه‌وه‌ وتى: ئه‌مڕۆ هه‌ستاین به‌ کردنه‌وه‌ى پێشه‌نگایه‌ک، که‌ نزیکه‌ى ٣٠ فۆتۆى جیاجیای په‌یوه‌ست به‌ سروشت و کەلتورى کوردستان تێدا نمایشکران، ئەوەش وه‌ک هه‌وڵێک بۆ ناساندنى زیاترى سروشت و کەلتورى کوردى.

وتیشى: له‌ ئێستادا وڵاتان به‌ چەندین شێوه‌ى جیاواز هه‌وڵده‌ده‌ن کەلتورى ناوچه‌که‌یان ده‌ربخه‌ن و خۆیانی پێ بناسێنن، بۆیه‌ش ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ‌َ ئه‌و هاوڕێ فۆتۆگرافه‌ر‌انه‌ وێنه‌کانمان زیاتر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بوون و هه‌ر به‌م ئامانجه‌ش ئه‌م پێشه‌نگایه‌مان کردوەته‌وه‌.

ک.ک