فۆتۆگرافەرێکی جیهانی داهاتی پێشانگاکەی پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

لەشاری سلێمانی و لە ژێر ناونیشانی"ئێمە لە ئاگرەوە هاتووین" ٥٧ تابلۆی فۆتۆگرافەری جیهانی جۆوی لۆرانس، لە پێشانگایەکدا نمایش کرا و داهاتەکەشی پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت.


دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە مۆزەخانەی ئەمنە سورەکە لە شاری سلێمانی، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئاژانسی میترۆگرافی بۆ فۆتۆگرافەری جیهانی بە ڕەگەز کەنەدی جۆوی لۆرانس کرایەوە.

پێشانگاکە لەژێر دروشمی"ئێمە لە ئاگرەوە هاتووین" بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان کرایەوە کە پێکهاتبوو لە ٥٧ تابلۆ، هەریەکەیان گوزارشتبوون لە ڕۆڵی شەڕڤانان، گەریلا، پێشمەرگە لەدژی داگیرکەری.

جۆوی لۆرانس فۆتۆگرافەر، باس لە گرنگی گەیاندنی دەنگی ڕۆژئاوا دەکات و دەڵێت: گرنگە ئێمە وەک هونەرمەندان یارمەتی ڕۆژئاوا بدەین و هەریەکەو لە ڕێگای کارو چالاکی خۆیەوە، بەلای ئێمە گرنگە دەنگی ڕۆژئاوا بگەیەنین.

ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەساڵی ٢٠١٢وە ئاگاداری بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستانەو لەماوەی سەردانەکانیشی لە ساڵی ٢٠١٥وە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، متمانەی زیاتری بە کورد کردووە، دەشڵێت:" ئەوەی لە فەرماندەکانی کورد فێربووم هەستدەکەم قەرزێکە دەبێت بیدەمەوە".

وابڕیارە پێشانگاکە بۆ ماوەی ١٠ڕۆژ بەردەوام بێت و داهاتەکەشی لە ڕێگای مانگی سوری کوردەوە پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستانی دەکرێت.