فیستیڤاڵی جاف لە گوندی باخان بەڕێوەچوو

بە بەشداریی زۆرینەی تیرەکانی عەشیرەتی جاف لە ڕۆژھەڵات و باشوری کوردستانەوە، ١٠مین فێستیڤاڵی جاف لە گوندی باخان-ی شارۆچکەی قەرەداغ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ لە گوندی باخان، لە شارۆچکەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی، فیستیڤاڵی جاف بەڕێوەچوو.

لە فیستیڤاڵەکەدا، تیرەکانی جاف، لە شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و ھەولێر و سنە و مەریوان و جوانڕۆ و چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی باشور و ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ئامادەی فیستیڤاڵە بوون.

ھەر تیرەیەک دەواری بۆخۆی ھەڵدابوو، چالاکی پێشکەشدەکرد و بە پۆشینی جلوبەرگ کەلتوری، نمایشی کلتوری کوردی و نمایشی ئەسپسواری و ھەڵپەڕکێ فەرھەنگی تیرەکەی دەکرد.

تیرە جیاوازەکانی جاف بە مەراسیم و تەقلیدی عەشایەرانە سەردانی یەکتریان دەکرد و پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوانیان نوێ دەکردەوە و پێکەوە گفتوگۆ و دەمەتەقێیان دەکرد.

لە شوێنێکی بەرزی گوندی باخان-دا سەکۆیەک بۆ شوێنی بەڕێوەچوونی ڤێستیڤاڵەکە ئامادەکرابوو، لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بەیانییەوە مەراسیمی ڤێستێڤاڵەکە بە خوێندنەوەی وتار و ئاھەنگگێڕان دەستیپێکرد، ھەتا کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ بەردەوام بوو، دواتر پشوی خواردن وەرگیرا.

لە کاتی خواردندا ھەر تیرەیەک خواردنی بۆ ھەموو تیرەکە پێکەوە ئامادە کردبوو، ھەموو ئەندامانی تیرەکە لەسەر یەک سفرە پێکەوە خواردنیان خوارد.

لە پاش پشوی خواردن مەراسیمی فیستیڤاڵەکە دەستیپێکردەوە و تێیدا گروپەکانی ھەڵپەڕکێ و ھونەرمەندانی میللی جۆشیان بە ئامادەبوواندا، ناوبەناویش دەنگی شمشاڵ و ھۆرەی جافیی باڵی بەسەر دەشت و دەواری جافەکاندا دەکێشا بۆ ساتێک ھەمووان دەست لە ملانی ڕەەمز و ڕەسەنایەتی جاف دەبوون.

فیستیڤاڵکە ھەتا درەنگانێکی ئێوارە بەردەوام بوو.


ک.ک