فیستیڤاڵی شانۆیی كەركوك كۆتاییهات و خەڵات بەخشرایە باشترینەكان

دوای چوار ڕۆژ بەردەوامی لە نمایشكردنی هەشت بەرهەم و ئەنجامدانی كۆڕی رەخنەیی بۆ بەرهەمەكان و بەستنی سیمینار، فیستیڤاڵی شانۆیی كەركوك  (خولی جیهاد دڵپاك) بەبەخشینی خەڵاتی زێڕین بۆ باشترینەكان کۆتاییهات.


كاتژمێر نۆی شەوی ڕابردوو لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری كەركوك ئاهەنگی كۆتایی یەكەم فیستیڤاڵی شانۆیی كەركوك - خولی جیهاد دڵپاك ئەنجامدرا، كە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، هەشت بەرهەمی شانۆیی شارەكانی كەركوك و هەرێم و باشوری عێراق بەشداریان لە فیستیڤاڵەکەدا کرد.

لە کۆتایی فیستیڤاڵەکەشدا بەئامادەبوونی هونەرمەندان و شانۆكاران و هونەردۆستان، دوای نمایشی گۆرانی و میوزك و هەڵپەڕكێ خەڵات بەسەر سەرجەم لیژنەكانی بەڕێوبەرایەتی فیستیڤاڵ دابەشكران و سپۆنسەرەكان و ڕاگەیاندنەكان خەڵات كران، پاشان خەڵاتی زێڕینی باشترینەكانی هەشت بەرهەمی بەشداربووی فیستیڤاڵ دابەشكران كە بەمشێوەیەبوون:

باشترین سینۆگرافیا: شانۆیی (دونیا)ی كەركوك، (دینۆ)ی دهۆك بوو کە بەهاوبەشی پێیان بەخشرا.

باشترین ئەكتەری كچ: (شنیار وشیار) هەڵەبجە، شانۆیی (لەدایكبوونی زیندان).

باشترین ئەكتەری كوڕ: (ئەژی حەمەنوری) سلێمانی، شانۆیی (بەرەو ئەستێرەیەكی تر)

باشترین بەرهەم: شانۆگەری (دینۆ) دهۆك.

باشترین دەرهێنان: (ئالان هیوا) شانۆگەری (دونیا) كەركوك، (مەسعود عارف) شانۆگەری (دینۆ) دهۆك بە هاوبەشی خەڵاتەكەیان برد.

بەوجۆرەش دهۆك بە شانۆگەری دینۆ توانی سێ خەڵاتی زێڕینی فیستیڤاڵەكە ببات كە دووانیان بە هاوبەشی بوون لەگەڵ شانۆگەری دونیا-ی كەركوكدا.

ک.س