فیستیڤاڵی هەنار هەزاران هاوڵاتی دەباتە هەڵەبجە

فیستیڤاڵی هەنار لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و پێشبینیی دەکرێت نزیکەی ٢٠ هەزار هاوڵاتیی سەردانی فیستیڤاڵەکە بکەن.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ چوارەمین فیستیڤاڵی هەنار لە شاری یاریی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بەرپرسانی ئیداریی سنوورەکە دەستیپێکرد و بڕیارە سبەینێ-ش بەردەوام بێت.

فیستیڤاڵەکە لەلایەن تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە و چەند کۆمپانیایەک بە چاودێریی وەزارەتی كشتوكاڵ و كۆمپانیاكانی بەڕێوەدەچێت.

لە ڤیستیڤاڵەكەدا ٢٠٠ جوتیار بەشدارییان کردووە و بەدەر لە بەرهەمی هەناری جوتیارانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور، بەرهەمی کشتوکاڵیی دیکە و خواردنی کوردەواریی کاری دەستیی نمایش کراون، ئەمە جگە لە بەرهەمەکانی شیرەمەنیی وەک ماست و پەنیر و هتد.

هەروەها، پێشانگایەکی شێوەکاریی و پێشانگایەکی فتۆگرافیی بۆ فۆتۆگرافەران و شێوەکارانی سنوورەکە کرانەوە.

سەرپەرشتیارانی فستیڤاڵەکە پێشبینیی دەکەن، کە لەم دوو ڕۆژەدا نزیکەی ٢٠ هەزار کەس سەردانی فستیڤاڵەکە بکەن.

ش.ف