فیلمی ١٤ی تەمموز سینەمای باشوری زیندووکردەوە

لەکاتێکدا سینەما لە باشوری کوردستان بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێپەڕدەبێت، نمایشکردنی فیلمی ١٤ی تەمموز لە سینەما سالم-ی شاری سلێمانی، جارێکی دیکە سینەمای زیندووکردەوە و وەک دەستکەوتێکی گەورە ناودەبرێت.


لە ڕۆژی ١/ی ئەم مانگەوە لە سینەما سالم-ی شاری سلێمانی و لە دوو کاتی جیاواز-دا کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاش نیوەڕۆ و ٠٧:٣٠ خولەکی ئێوارە، فیلمی ١٤ی تەمموز(تیرمەهـ)، بەژێرنووسی کوردیی(سۆرانیی) نمایش دەکرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە لاوک ئەبوبەکر، ئەندامی ستافی سینەما سالم وەریگرتووە، فیلمەکە زۆرترین بینەری هەبووە لەچاو ئەو فیلمانەی، کە لەم ساڵانەی دواییدا و لەکاتێکدا سینەما لە باشوری کوردستان بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، نمایش کراوە.

فیلمەکە  ڕۆژانە ١٠٠ بینەر زیاتری دەبێت، بەڵام فیلمەکانی دیکە، کە لە هەمان سینەما نمایش کراون بە هەفتەیەک تەنانەت دوو هەفتە، ژمارەی بینەرانیان دەگاتە ١٠٠ کەس.

فیلمی ١٤ی تەمموز بەر لە نمایشکردنی لە سینەما سالم، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم-دا لە دووەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بەشداریی پێکرا و لەبەر زۆری خواست، جیاواز لە فیلمەکانی دیکە، ١٤ی تەمموز دوو جار و لە دوو ڕۆژی جیاوازدا نمایش کرا.

بەهۆی بەهێزیی ناوەڕۆکی فیلمەکە و لێکەوتنەوەی سەدایەکی زۆر لەناو بینەرانی سینەما و ڕۆشنبیران، تامەزرۆیی خەڵک بۆ ناسین و بینینی شێوازی تێکۆشانی ئەو شۆڕشگێڕانەی، کە لە فیلمەکەدا باس دەکرێن، ستافی سینەما سالم لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەکە ڕێککەوتن و بۆئەوەی ئەو فیلمە لە سینەماکەیان نمایش بکەن و پێشوازیی کردنی گەرمی هاوڵاتیانیش بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ سینەمای کوردیی ناو دەبەن.

ستافی سینەما سالم، پێیانوایە، کە بڕیاری قەدەغەکردنی فیلمەکە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە و دواتر هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە، هۆکارێکی دیکەبوو بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر حەز بکەن بزانن ناوەڕۆکی فیلمەکە چییە.

هەرچەندە ستافی سینەما سالم هیچ فیلمێک لە دوو هەفتە زیاتر نمایش ناکەن، بەڵام پێدەچێت نمایشی فیلمی ١٤ی تەمموز ماوەی مانگێک نمایش بکرێت  وکۆتایی ئەم هەفتە ستافەکە بڕیاری تەواوەتیی لەسەر کاتەکە دەدەن و بە ڕای گشتیی ڕادەگەیەنن.

ماوەی فیلمەکە دوو کاتژمێر و ٤٥ خولەکە و باس لە بەرخۆدانی پێشەنگەکانی پەکەکە دەکات، لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان، دژی ئەشکەنجە دەوەستەوە، بە شێوەیەک کە تەنها لەپێناو قسەکردن بە زمانی تورکی، بەرپرسانی زیندان هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک لەسەر پێشەنگەکانی پەکەکە تاقی دەکەنەوە، بەڵام پێشەنگەکانی پەکەکە ئەوە ڕەتدەکەنەوە و لەبەرامبەردا مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن.

فیلمەکە تاوەکو ئێستا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە هەریەکە لە وڵاتانی هیندستان، ئۆکرانیا و ئەڵمانیا کردووە، ساڵی پار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشداریی کردووە و توانیویەتی دوو خەڵات لە بوارەکانی باشترین ئەکتەر و باشترین دەرهێنەری وێنەگرتن بەدەستبهێنێت، ئەمساڵیش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیی توانی خەڵاتی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنێت.

ش.ف