فیلمی ۱٤ی تەمموز بە ژێرنووسی کوردی نمایشکرا 

فیلمی سینەمایی ۱٤ی تەمموز، کە باس لە بەرخۆدانی پێشەنگەکانی پەکەکە دەکات لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان، لە شاری سلێمانی بۆ یەکەمینجار بە ژێرنووسی کوردیی نمایشکرا، بینەرێکی زۆریش ڕوویان لە تەماشاکردنی فیلمەکە کردبوو.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی سینەما سالم لە شاری سلێمانی، بۆ یەکەمین جار فیلمی ۱٤ی تەمموز به ژێرنووسی کوردی نمایشکرا، کە لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیرە و لە باکوری کوردستان بەرهەمهێندراوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکان، بۆ تەماشاکزدنی فیلمەکە، ڕوویان لە هۆڵی سینەما کردبوو.

ماوەی فیلمەکە دوو کاتژمێر و ٤٥ خولەکە و باس لە بەرخۆدانی پێشەنگەکانی پەکەکە دەکات، لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان، دژی ئەشکەنجە دەوەستەوە، بە شێوەیەک کە تەنها لەپێناو قسەکردن بە زمانی تورکی، بەرپرسانی زیندان هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک لەسەر پێشەنگەکانی پەکەکە تاقی دەکەنەوە، بەڵام پێشەنگەکانی پەکەکە ئەوە ڕەتدەکەنەوە و لەبەرامبەردا مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن.

فیلمی ۱٤ی تەمموز بە زمانی تورکی بەرهەمهێندراوە و جاری یەکەمە کە بەژێرنووسی کوردیی سۆرانی نمایش دەکرێت.

فیلمەکە تاوەکو ئێستا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە هەریەکە لە وڵاتانی هیندستان، ئۆکرانیا و ئەڵمانیا کردووە، ساڵی پار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشداریی کردووە و توانیویەتی دوو خەڵات لە بوارەکانی باشترین ئەکتەر و باشترین دەرهێنەری وێنەگرتن بەدەستبهێنێت، ئەمساڵیش لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیی بەشدارییکرد و توانی خەڵاتی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنێت.

نمایشکردنی فیلمەکە لە سینەما سالم لە سلێمانی لەمڕۆوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا و لە کاتژمێر ۰۳:۰۰ی دوانیوەڕۆ و ۰۸:۰۰ی شەو نمایش دەکرێت.

ک.ک