فیلمێکی ئێرانی خەڵاتی ورچی زێڕینی بەرلینی بردەوە

فیلمی "شەیتان هەبوونی نییە" لە ئێران بە دەرهێنەری محەمەد ڕەسولوف خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی بەرلیانەی ٢٠٢٠ی بردەوە، بێ ئەوەی دەرهێنەرەکە لەوێ ئامادە بێت.


دوێنێ 'فێستیڤاڵی فیلمی بەرلیانە' خەڵاتی ورچی زێڕینی ٢٠٢٠ی بەخشی بە فیلمی "شەیتان هەبوونی نییە" لە دەرهێنانی محەمەد ڕەسولوف دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی کە ئێستا بەهۆی کێشەی سیاسییەوە بە مانەوە لە ئێران سزادراوە.

فیلمی 'شەیتان هەبوونی نییە' لە ئێراندا تۆمارکراوە، تێیدا چوار چیرۆک دەگێڕێتەوە و بەرپرسیارێتی مەدەنی هاوڵاتیان لە بەرامبەر کردەوەکانیان تاووتوێ دەکات، هەروەها لەوە دەکۆڵێتەوە کە مرۆڤ چەندە دەتوانێت بە زانابوون بڕیار بدات و لێکەوتەکانی بڕیارەکەی قبوڵ بکات.

محەمەد ڕەوسولوف دەرهێنەری فیلمەکە، مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگاندا دژی دەسەڵات"، بە ساڵێک زیندان و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران سزادرا.

ڕەسولوف کە دەرهێنەرێکی ناسراو لە ئاستی ئێران و جیهانە، سەرەڕای هەموو سانسۆر و سەرکوتەکانی دەسەڵاتی ئێران، هەمیشە لە فیلمەکانیدا ڕەخنەی دەسەڵات دەکات و سەرکوتکاری و زوڵمی دەسەڵاتداران لە فیلمەکانی باسدەکات.

لە مەراسیمەکەدا، لە ئامادەنەبوونی محەمەد ڕەسولوف بەهۆی ئەو قەدەغەیەی لەسەریدایە، باران ڕەسولوف کچی ئەو دەرهێنەرە لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوو و خەڵاتەکەی وەرگرت.

س.ح