فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بە فیلمی خوشکانی جەنگ دەستیپێکرد

کارەکانی چوارمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دەستپێکرد و فیلمی خوشکانی جەنگ-یش وەک یەکەم فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دەستیپێکرد.

لە سەرەتای فێستیڤاڵەکەدا گروپی هونەریی ڕاستەق کە لە ئێرانەوە بەشدارییان کردبوو، چەند گۆرانیی و بەرهەمی هونەرییان پێشکەشکرد.

هەر لە فێستیڤاڵەکەدا هەریەکە لە مەلا بەختیارو سەرۆکی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتاریان پێشکەشکرد.

هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنانیش بەخشرایە هەرەیەکە لە فاروقی مەلا مستەفا.بازرگان، مەمەد ئاکتاش، سینەماکاری باکوری کوردستان، هەوراز مەحەمەد سینەماکاری شاری سلێمانی و شارۆخ حازنی سینەماکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا فیلمی خوشکانی جەنگ نمایشکرا، کە باس لە کۆمەڵکۆژیی ئێزدییەکان و بەرخۆدانی ژنانی شەڕڤانی یەژەشە دەکات بەرامبەر دڕندەیی چەتەکانی داعش، فیلمەکە لە وڵاتی مەغریب وێنەگیراوە و کارۆلین فۆورێست، ژنە ڕۆژنامەنووس و سینەماکاری فەرەنسییەوە کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

بڕیارە فێستیڤاڵەکە ماوەی هەفتەیەک بەردەوامبێت و ۱۳٤ فیلم لە ۷۹ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە، ٤٤ فیلمیان کوردین.

ب.ش