فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بە نمایشکردنی فیلمی "کچانی خۆر" دەستیپێکرد

خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فيلمی سلێمانی، بە نمایشکردنی فیلمی 'کچانی خۆر' لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، کە تیایدا ١٤٠ فیلم لە ٥٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە.


کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، کە لەلایەن کۆمپانیای مەستی فیلمەوە ڕێکخراوە.

لە سەرەتاى فێستیڤاڵەکەدا مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، وتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد، تیایدا باسی لە گرنگیی سینەماکرد و وتی: سینەما فاکتەرێکە بۆ بەرەوپێشبردنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی کۆمەڵگا.

لە بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا، چەند گۆرانیی و بەرهەمێکی هونەریی لەلایەن هونەرمەند دیاری قەرەداغییەوە پێشکەشکرا و جۆشی زیاتری بە فێستیڤاڵەکە بەخشیی.

هەروەها خەڵاتی شکۆمەندیی، کە خەڵاتێکە بۆ یەکەم جار لەلایەن فێستیڤاڵەکەوە ئامادەکراوە، بەخشرایە هونەرمەند و سینەماکاری ئێران جەعفەر پەناهیی، خەڵاتی کایا-ش بەخشرایە سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین، هەروەها خەڵاتی دەرهێنەری کۆچکردوو تەهای کەریمی، بەخشرایە هونەرمەند فەرەیدون مەلیکی، هەروەها خەڵاتی بەرچەمیش بەخشرایە هونەرمەند کاوە ئەحمەد میرزا.

 دواتر لیژنەی هەڵسەنگاندنی فلیمە بەشداربووەکان، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەخشییە سیناریۆی (نیشتیمان لە شارێکی سووتاودا)، کە لە نووسینی پشتیوان هەڵەبجەییە.

لە دەروازەی نمایشکردنی فیلمەکانیشدا، فیلمی "کچانی خۆر" نماشیکرا، کە باس لە تێکۆشانی ژنان دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستان.

خولی سێیەمی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تیایدا ١٢٢ فیلم لە ٥٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە نمایشدەکرێن، لەگەڵ ١٨ کورتە فیلم بۆ مندڵان.

لەماوەی حەوت ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ئەو ١٢٢ فیلمە کە لە بەشەکانی فیلمی بڵند و کورتە فیلم و فیلمی ئەنیمەیشن و دیکۆمێنتاری پێکدێن، کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی (باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین دەرهێنان، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ژن، خەڵاتی دادوەران) دەکەن.

ئەو فیلمە بەناوبانگانەی جیهان، کە لەساڵى ٢٠١٨ بەرهەمهاتوون و لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا خەڵاتیان بردووە، بۆ یەکەمجار لە عێراق لە سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی نمایشدەکرێن.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە هەریەکە لە هۆڵەکانی تەلاری هونەر، سیتی سینەما، سینەما سالم، لە شاری سلێمانی لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی بۆ کاتژمێر ١٢ ی شەو بەڕێوەدەچن.

د.ع