فێستیڤاڵی كەلتووری كورد له‌ ئه‌ڵمانیا قه‌ده‌غه‌ كرا

فێستیڤاڵی كەلتووری كورد كه‌ بڕیاربوو ڕۆژی ٨ی ئه‌یلول له‌ شاری دینسلاكن-ی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌بچێت، لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە قه‌ده‌غه‌ كرا.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پلاتفۆرمی عه‌فرین، كه ڕێكخه‌ری‌ فێستیڤاڵی كەلتووریی کورد-ە لە ئەڵمانیا، حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا فێستیڤاڵی كەلتووری کوردی قه‌ده‌غه‌ كردووە.

پلاتفۆڕمه‌كه‌ كه‌ له‌ نزیكه‌ی ١٠٠ پارتی سیاسی و ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگا‌ی مەدەنیی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و دەرەوەی وڵات پێكهاتووه‌، ده‌ستنیشانی كرد كه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی فێستیڤاڵه‌كه‌ "بڕیارێكی سیاسییه‌".

پلاتفۆڕمه‌كه‌ ئاماژه‌ بەوەشکردووە، کە ڕێگرییه‌كانی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا‌ به‌رامبه‌ر كوردان، په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌ڵمانیا و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌.

لەبەرامبەر قەدەغەکردنی فێستیڤاڵەکەدا، پلاتفۆڕمی عه‌فرین به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی ئه‌و بڕیاره‌ و له‌پێناو سه‌رنجڕاكێشانه‌ سه‌ر دۆخی عه‌فرین و هه‌لومه‌رجی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، ڕۆژی ٨ی ئه‌یلول گردبوونەوەیەک ساز ده‌کات.

ب.ل