فێستیڤاڵی کوردستان بۆ میوزیک لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

بە بەشداری هەشت گروپی میوزیکی کوردی، فێستیڤاڵی کوردستان بۆ میوزک لە هەولێر دەستیپێکرد و ڕێکخەرێکی فێستیڤاڵەکەش دەڵێت مەبەستیان نزیککردنەوەی ڕایەڵەکانی میوزیکی کوردییە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دوای ئامادەکارییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی میوزیکی هەولێر، فێستیڤاڵی کوردستان بۆ میوزیک دەستی بە کارەکانی کرد.

هونەرمەند سەید ئەحمەد ڕەواندزی ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لەم کێشمەکێشی سیاسەت و ململانێکان، دەستپێک و بوونی فێستیڤاڵێکی لەم شێوەیە ئاهێک بە ڕۆحماندا دەدات، چونکە ئێمە لە ڕووی دەروونییەوە زۆر ماندووین و بەردەوام بەدوای حەسانەوەدا دەگەڕێین، بۆیە ئەم فێستیڤاڵەمان سازکردووە.

وتیشی: ئامانج لەم فێستیڤاڵە لێکنزیککردنەوەی ڕایەڵەکانی میوزیکی کوردیە، چونکە ئێمە تا بەیەکەوە لە فێستیڤاڵێکی لەم شێوەیە کۆنەبینەوە نازانین کێشەی گەیاندن و ئاواز و ژەنینی ئامێرەکانمان چییە، بۆیە سازکردنی ئەم فێتستیڤاڵە گرنگی خۆی هەیە.

فێستیڤاڵی کوردستان بۆ میوزیک و گۆرانی ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئەو گروپانەی کە بەشداری تێدا دەکەن ئاوازی ڕەسەنی کوردی لەسەر ئاستی ناوچەکانی خۆیان نمایش دەکەن.

 

ک.ک