فێلمێکی تازە لەسەر شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا دروست دەکرێت

کۆمپانیای فیلمی ئارتا فیلم، لەسەر تێکۆشان و شۆڕشی ژنانی رۆژئاوای کوردستان فیلمێک بەرهەم دەهێنێت.


ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان لە هەموو بوارەکاندا سەلماند، کۆمپانیای ئارتا فیلمی سویسری لەبارەی ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا فیلمێک بەرهەم دەهێنێت.

فیلمەکە ناوی "بەشوێن تەیارۆ"یە و نووسەری سیناریۆکە و دەرهێنەرەکەشی هونەرمەند خەمگین ساڵحە.

وێنەکانی فیلمەکە لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، ئەستەنبوڵ، بەریتانیا، سویسرا و یۆنان دەگیرێت.

خەمگین ساڵح، دەرهێنەری فیلمەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار قسەیکردووە و دەڵێت: بەو فیلمە دەمانەوێت چوار ئامانج بپێکین، کە بریتین لە 'گەنجان چۆن لە دەرەوەی وڵات دەژین، ڕۆڵی باوک و دانوستانیان لەگەڵ کچەکانیان، کاریگەریی کۆچبەربوونی گەنجان لەسەر کۆمەڵگا و ڕێگاکانی گەڕانەوەیان بۆ کۆمەڵگا'.

دەشڵێت: لەو فیلمەدا پیاوێک و چوار ژن ڕۆڵ دەبینن، ئەگەر فیلمەکە سەرکەوتوو بێت بەشداری پێ دەکەین لە فێستیڤاڵە نێودەوەتییەکاندا.

س.ح