فەتواکەی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

فەتواکەی یەکێتیی زانایانی ئاینیی کوردستان دەربارەی قەدەغەکردنی سەرکەوتنی ژنان لەگەڵ شۆفێری تەکسی بەبێ ئامادەبوونی "محرەم"، ناڕەزایەتیی توێژە جیاوازەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.


ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای یه‌كێتی زانایانی ئاینی كوردستان، ‌ له‌ ٤/١٢/٢٠١٩  نووسراوی ژماره ‌١٤٤ بە ناونیشانی "حوكمی سه‌ركه‌وتنی ئافره‌ت به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری ته‌كسی" بڵاوکردەوە و تیایدا سەرکەوتنی ژنی لە تاکسییدا بە تەنیا و لەگەڵ شۆفێری پیاودا بە نادروست ناوبرد.

بەگوێرەى فەتواکە 'دروست نییە پیاو وەکو نەفەر لەگەڵ شۆفێری تەکسی ژن سەربکەوێت، هەروەها دروستیش نییە ژن بۆ دەرەوەی شارەکەی خۆی بەتەنها لەگەڵ شۆفێرێکی تەکسی بچێت، بەڵام ئەگەر لە دۆخێکدا ناچار بوو، وە لە نەفسی خۆی دڵنیا بوو دەتوانێت لەگەڵ شۆفێری تەکسی سەربکەوێت، بەڵام دەبێت لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکە دانیشێت'.

ئەم فەتوایە ناڕەزایەتییەکی زۆری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی بەدوای خۆیدا هێنا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە نووسین و وێنە و دانانی هاشتاگ وەڵامی یەکێتی زانایان دەدەنەوە.

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس لە وتارێکیدا ئەو فەتوایە بە بیانوویەک بۆ کۆیلەکردنی ژن ناودەبات و دەڵێت:"ئەو فەتوایە بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ له‌ سه‌ره‌تای داگیركردنی موسڵ و شه‌نگال له‌ ٢٠١٤ ده‌هێنێته‌وه‌ یادمان، به‌تایبه‌ت ئه‌و حوكمانه‌ی‌ به‌ناوی شه‌ریعه‌ی ئیسلامه‌وه‌ سه‌پێندران به‌سه‌ر ژنان و هاووڵاتیانی ژێرده‌سته‌ی ناوچه‌كه".

ژینۆ محەمەد، ڕۆژنامەنووس، وێنەیەکی خۆی لەناو تەکسیدا بڵاوکردووەتەوە و نووسیوێتی:" دژی هیچ دین و فه‌توا و بیر و هزر و ئایدیایه‌ک نیم گه‌ر بۆ هۆشیاری تاک و خزمه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، به‌ڵام ناکرێ له‌ژێر هیچ پاساو فه‌تواو قسه‌یه‌ک دا ژنێتیمان لاواز بکه‌ن!".

هەروەها، عەزیز ڕەئوف، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە پۆستێکدا بە ئەنجومەنی باڵای فەتوا دەڵێت:" ئێوە فتوایەکی نابەجێتان دەرکردووە و داوادەکەن ژنان بەتەنها سوار تەکسی نەبن. من ئەم فتوا نابەجێیە ڕەت دەکەمەوە و جیاوازیی نێوان من و هاوسەرەکەم نییە، من هاوسەری خۆم دەناسم و نیەتی بەشێک لە ئێوەش دەبینم، لەجیاتی ژن لەماڵەوە بەند بکەن، پیاوان هوشیار بکەنەوە ئەگەر دەتوانن. بۆیە شازادەکەم ئازادە بەتەنها تەکسی بگرێت و ئێوەش بۆخۆتان هەربڵێن".

هەروەها، ئارام سەعید، چالاکوان و ئەندامی پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە، هاشتاگی #کەمپینی_تاکسی داناوە و نووسیوێتی: پێشنیار ئەکەم ھەر خانمێك لە کوردستان بە تەنیا بە تاکسی بڕوات و وێنەکەشی پۆست بکات بۆ تەحەدای فەتواکەی یەکێتی مەلایانی کوردستان".

ئەمانە و دەیان پۆستی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و تیایداندا ناڕەزایەتیی لەدژی ئەو فەتوایە نیشاندراوە.

ش.ف