قالە مەڕە.. ئەفسانەی شمشاڵ ژەنی کورد

زۆرینەی تەمەنی بە تەنهایی بەسەر برد، خوێندەواریی نەبوو، بەڵام تەنها بە شمشاڵەکەی کە دەیژەنی تێکەڵ بە ڕۆح و هەستەکان دەبوو، وایکرد قالە مەڕە ببێتە یەکێک لەو ناوانەی کە خزمەتێکی زۆری بە هونەری ڕەسەنی گەلەکەی کردبێت.


ئەمڕۆ ١١ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆچی دوای قەلە مەڕە، کە ساڵانێکی زۆر بە شمشاڵەکەی خزمەتی هونەری کوردی کردووە، توانیویەتی هونەرێکی دانسقە و ڕەسەن پێشکەش بکات و ببێتە بەشێک لە کەلەپور و فۆلکلۆری کورد.

قالە مەڕە، ناوی تەواوی قادر عەبدوڵازادەیە، لە ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی کولیجەی سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، پێش لەدایکبوونی باوکی کۆچی دوایی کردووە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا بووە کە دایکی کۆچی دوایکردووە، لەبەر ئەوەشە لە ژیانێکی پڕ چەرمەسەری و نەهامەتیدا ژیاوە، هەر ئەو نەهامەتیانەی کە بینیویەتی بوونەتە ئیلهامێک و لە ژەنینی شمشاڵەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە.

دوای ڕووخانی کۆماری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٧ قالەمەڕە ڕوودەکاتە باشوری کوردستان، پاش چەند ساڵێک دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵات، هەروەها لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ، چەندین پارچە میوزیکی بە شمشاڵەکەی تۆمارکردووە.

قالە مەڕە بەردەوام بە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا گەڕاوە، بە شمشاڵەکەی توانیویەتی چەندین خەڵات بەدەستبهێنێت، لەوانە 'فێستیڤاڵی میوزیکی فەجر لە تاران، فێستیڤاڵی میوزیکی ناوچەکانی ئێران لە کرمان و لە بۆنە و فێستیڤاڵەکانی سنە، کرماشان ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان، هەولێر و سلێمانی'.

 قالە مەڕە لەگەڵ ئەوەی شوانێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام جگە لە ژەنینی سادەی شمشاڵ، توانیوویەتی داهێنان بکات.

 لە ژەنینی ئامێرەکانی میوزیکدا حەوت دەنگ هەیە کە بەکاردەهێندرێت، ئەوانیش: دۆ، ڕێ، می، فا، سۆ، لا، سی، ئەوەی قالە مەڕە جیا دەکاتەوە لە شمشاڵژەنەکانی دیکە ئەوەیە، کە توانیوویەتی جگە لە بەکارهێنانی نیو تۆن، چارەکە تۆن، توانیویەتی کۆمەڵێک تۆنی جیاوازتر بەکاربهێنێت، کە بە 'کۆما' دەژمێردرێت لە ژەنینی میوزیکدا.

گۆڤەند عەبدوڵا، ئاوازدانەر و ئەندامی گروپی میوزیکی لوڕ لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە هونەرەکەی قالە مەڕە باس لەوە دەکات، کە ئەم جۆرە لە هونەر لە هەموو دنیادا جێگەی بایەخە و تایبەتن، هەروەها هۆکاری سەرکەوتنی بەرهەمەکانی قالە مەڕەی گەڕاندەووە، بۆ ئەو مەینەتی و ژیانە چەرمەسەرییەی کە هەیبووە.

گۆڤەند باس لەوە دەکات، کە کەم کەس وەک قالە مەڕە هەیە و دوای ئەو کەسی وا دەرنەکەوتووە، دەشڵێت ئەو بە شمشاڵەکەی چەندین داهێنانی کردووە، کە ڕەنگە کەسێکی ئاسایی هەست بەو داهێنانە نەکات، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی ئەکادیمی لێی بکۆڵیتەوە باڵادەستی و داهێنانی ئەو شمشاڵ ژەنەت بۆ دەردەکەوێت.

ئەم هونەرمەندە ڕەخنەی ئەوە دەگرێت، کە وەک پێویست گرنگی بە بەرهەمەکانی قالە مەڕە نەدراوە، دەشڵێت ئەو شێوازەی ژەنینی شمشاڵەکی هێندە بەرزە پێویستە بەرهەمەکانی لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا بخوێندرێت، تا شمشاڵژەنی وەک ئەو دەربکەون.

شمشاڵ ژەنی ناودار و ڕەسەنی کورد، قالە مەڕە لە شەوی٢١ -٥-٢٠٠٩دا لە شاری بۆکان بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە کۆچی دوایکرد، لەسەر وەسێتی خۆی لە تەنیشت گۆڕی هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەک لە دامێنی کێوی ناڵەشکێنە بەخاکسپێردرا.

س.ح