قاوەخانەی کلتوریی خورماتوو، کلتور و نەتەوە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە

قاوەخانەی کلتوریی لە شارۆچکەی خورماتوو، بووەتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە و ئاین و کلتور و ڕەنگە جیاوازەکان، سەرپەرشتیاری قاوەخانەکەش دەڵێت: قاوەخانەکەمان ناوەندێکی ئەکادیمی و هونەری و مەعریفیشە، بۆ خوێنەران و ئەنجامدانی کۆڕ، سیمینار و چالاکی جیاواز.


دوای ۳۰ساڵ لە نەبوونی قاوەخانەیەک لە ناو شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، بەهەوڵی ئەنجومەنی جەماوەری بۆ بەهاناوەچوون و گەشەپێدان، قاوەخانەی کلتوریی خورماتوو کراوەتەوە و چین و توێژە جیاوازەکانی شارۆچکەکە، بە هەموو کلتور و نەتەوە و ئاین و ڕەنگە جیاوازەکانەوە، بۆ خوێندنەوەی کتێب و خوادنەوەی چا، قاوە، کۆڕی گفتوگۆ و بەسەربردنی کاتەکانیان، سەردانی دەکەن، هاوکات قاوەخانەکە بووەتە ناوەندێکی هونەری و ئەکادیمی و مەعریفی بۆ ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و چالاکییە جیاوازەکان.

ئیبراهیم عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری قاوەخانەکە بۆ ڕۆژنیوز، قسەیکرد و وتی: قاوەخانەی  کلتوریی خورماتوو یەکێکە لە پرۆژەکانی ڕێکراوی جەماوەر بۆ بەهاناوەچوونی گەشەپێدان و چوارمانگ پێش ئێستا ئاوەدانکراوەتەوە، مەبەست لە درووستکردنی ئەم جێگایە کۆکرنەوەی سەرجەم نەتەوە و ئاین و کلتور و ڕەنگە جیاوازەکانە و ناوەندێکی ئەکادیمی و مەعریفیشە بۆ هونەرمەند، ئەدەب دۆستان و خوێنەران بۆ ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و چالاکی جیاواز.

ئەوەی قاوەخانەی کلتوریی خورماتوو، لە شوێنەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جگە لەوەی سەرتاپای قاوەخانەکە بە بابەتە کلتوریی و کەلەپورییەکان ڕازێنراوەتەوە، گۆشەیەکی کراوەتە کتێبخانەیەکی خنجیلانە و گۆشەیەکی دیکەشی تەرخانکراوە بۆ نمایشکردنی تابلۆی هونەری هونەرمەندان، ئەوە جگە لەوەی هەر لەناو قاوەخانەکەدا چەندین یاریی کۆنی کوردەواری و نەتەوەکانی دیکە لەلایەن ئامادەبوونەوە ئەنجامدەدرێت و جار جاریش بەشێوەی ڕاستەوخۆ گۆرانی و میوزیک لە لایەن هونەرمەندانەوە پێشکەش دەکرێن.

هەر سەبارەت بە کردنەوەی قاوەخانەکە، ئیبراهیم عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری قاوەخانەکە وتی: ماوەی ٣٠ ساڵە خورماتوو لە چایخانە و قاوەخانە بێبەشە و هیچ جێگایەکی وەهای تێدا نەبووە، لێرە کتێبخانە، هێڵی ئینتەرنێت و یارییەکانی وەکوو (شەتڕەنج و تاوڵە)ی لێیە، هەروەها لەگەڵ کتێبخانەیەکی گەورە، گەنجان بۆ خوێندنەوە و بەکارهێنانی ئنتەرنێت و کۆڕی گفتوگۆ و خواردنەوەی چا، قاوە و بەسەر بردنی کاتەکانیان سەردانی ئێرە دەکەن.

ک.س