قەڵای مێژوویی ناودەشت ئاسەوارێکی کەمی ماوە

لەناو گوندی لێوژەی بناری قەندیل، شوێنەواری قەڵایەکی پتە و تائێستاش بەدیار ماوە، کە مێژووی بونیادنانی بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، بە دیاریکراوی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە لایەن یەکێک لە ئاغاکانی هۆزی ئاکۆ بەناوی غەفور خانی ناودەشت بونیادنراوە، کە ئەویش قەڵای ناودەشتە.


هەرچەندە قەڵاکە شورایەکی کەمی ماوە لە ناویشیدا ژورێکی تەسک ماوەتەوە، بەڵام ئەمە لە بەهای مێژوویی ئەم قەڵایەی کەم نەکردووەتەوە و بووەتە شاهید لەسەر قۆناغێکی مێژوویی گرنگ.

ئاسەواری بەشێک لەم قەڵایە بەهۆی هێرشی ئینگلیزەکانەوە لەناوچووە، بەشێکیشی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە وێران کراوە و بەردەکانی بۆ دروستکردنی خانوو بەکارهێنراوە.

ئاوات سەید ئەحمەد خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی نوێی هاوچەرخ سەبارەت بە مێژووی قەڵای ناودەشت دەڵێت، غەفور خانی ناودەشت کە بونیادنەری قەڵاکەیە لەماوەی نێوان ساڵانی (١٨٩٠ بۆ ١٩٥٣) ژیاوە، لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و لەنێو بەرداشی ناکۆکی و گۆڕانکارییە سەربازی و سیاسیەکانی دەوڵەتی (تورک و ئینگلیز) لە باشوردا ڕۆڵی دیاری هەبووە.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، غەفور خان سەرەتا پەیوەست بووە بە ئینگلیزەکان و ئەوانیش پێگە و شوێنی شایستەیان پێداوە، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکی هۆزایەتی، دژی ئینگلیزەکان وەستاوەتەوە و پەیوست بووە بە تورکەکانەوە.

بەوتەی ئەو شارەزایەی مێژووی هاوچەرخ، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و تێکچوونی پیوەندیەکانی لەگەڵ ئینگلیز، غەفور خان گەڕاوەتەوە لێوژە و دەستی کردووە بە بونیادنانی قەڵایەکی بەرگری پتەوی گەورە بە مەبەستی بەرگری لە هێرشەکانی ئینگلیز.

قەڵاکە لەسەر گردێکی باکوری خۆرئاوای گوندی لێوژە بونیادنراوە، لە دوو نهۆم و چەندین ژوری گەورە و میوانخانە و چێشتخانە و خان سەراو هۆڵی مەشق و ڕاهێنان پێکهاتووە.

لە بەردو قسڵ و خشتی سور دروستکراوە، پانی دیوارەکانی نزیکەی یەک مەترەو بە درێژایی هەر چوارلای قەڵاکەشدا چەندین قۆنگرە (کون) هەبوون کە بۆ چاودێریکردن و پارێزگاری لە قەڵاکە بەکارهاتووە، هەروەها سارنج (حەوز)ی ئاوی شێوە لاکێشەیی تێدا بووە.

ئەم قەڵایە وەک خاڵێکی بەهێزو نیشانەیەکی گرنگی هێزو توانای فەرمانڕەوایی غەفور خانی ناودەشت هێما دەکرێت، لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا، قەڵاکە دەکەوێتە بەر هێرشی سەربازی ئینگلیز و بە هاوکاری هۆزە هاوپەیمانەکانی و دوای بەرگرییەکی سەختی نزیک بە ٧٥ ڕۆژی، دواجار بەهۆی بڕینی ئاوی قەڵاکەوە، هێزەکەی غەفور خان ناچار بە  چۆڵکردنی قەڵاکە دەبن و لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنیشی، لەساڵی ١٩١٩ قەڵاکە بە یەکجاری تاڵان دەکرێت.

شوێنەواری ئەم قەڵایە تا ساڵی ١٩٦٩ بە جوانی مابویەوە، تا دواتر خەڵكی گوندەکە بۆ دروستکردنی خانوو، بە تەواوی کەرەستە و بەردی ناو قەڵاکەیان دەرهێناو زیانێکی زۆریان پێگەیاند، لە ئێستاشدا تەنیا شوێنێک کە بە باشی ماوەتەوە، سارنجەکەیەتی.

س.ح