كارە هونەری و دەستییەكانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت نمایشكران

لەپارێزگای هەڵەبجە ڤیستڤاڵێکی هاوبەشی پەیمانگای ئاراستەی نوێ‌ و ڕێكخراوی كەمئەندامانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، تێیدا كارە دەستی و هونەرییەكانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت نمایشكران.


ڤیستیڤاڵەکە لە هۆڵی بۆنەکانی شارەکە، بەبۆنەی كۆتایی هاتنی وەرزی هاوین و دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بۆ منداڵەكان ڕێكخرابوو.

ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵکەش ئاماژە بەوە دەکەن، زۆربەی منداڵان لە پەیمانگای ئاراستەی نوێ ڕاهێنانیان پێکراوەو ئامانج لەم ڤیستیڤاڵەش ئەوەیە، منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بتوانن شانبەشانی مندالانی ئاسایی درێژە بەخوێندن بدەن و هەست بەوە نەکەن کە ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

نمایشکردنی کارە دەستی و هونەرییەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشێکی سەرەکی ڤیستیڤاڵەکەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین گۆرانی و شانۆی تایبەت بە منداڵان پێشکەش کران.

لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لەهەزار منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە،لەو ڕێژەیەش لەپرۆژەی باشتركردنی هەلی خوێندن بۆ خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ٣٥٦ خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە.

ب.ش