لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌کایه‌تی بڵاوکرایه‌وه‌

"له‌ بومه‌لێڵه‌وه‌ به‌ره‌و زه‌رده‌په‌ڕ" ناونیشانى لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى ئه‌ده‌بى باڵه‌کایه‌تى بوو، که‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئێواره‌ کۆڕێک له‌ ناوه‌ندى که‌لتورى چۆمان ڕێکخرا.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵى ناوه‌ندی کلتوریی چۆمان، مه‌راسیمی ناساندن و واژۆکردنی کتێبی (له‌ بومه‌لێڵه‌وه‌ بۆ زه‌رده‌په‌ڕ/ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌کایه‌تی ١٨٠٠ز تاکو ١٩٠٠) بۆ ڕێبین مه‌لا ئه‌حمه‌د سازکرا.

سه‌ره‌تا نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر ڕێبین مه‌لا ئه‌حمه‌د، باسى له‌و ماوه‌یه ‌کرد که‌ به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ کردووه ‌و باسى له‌وه ‌کرد، که‌ باڵه‌کایه‌تى له‌ سه‌ده‌ى ڕابردوودا مه‌ڵبه‌ندێکى گرنگ و به‌ بایه‌خ بووه‌ له‌ بواره‌کانى ئه‌ده‌ب و په‌روه‌رده‌.

ڕێبین وتیشى: ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ باس له‌ ژیان و به‌رهه‌مى ئه‌و شاعیر و نوسه‌رانه‌ ده‌کات، که‌ به‌ ده‌گمه‌ن له‌ ‌مێژووى ئه‌ده‌بیاتى کورد دا ناویان هاتووه‌، بۆیە ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یە به‌م جۆره‌ى که‌ هه‌یه‌ خه‌رمانێکى گرنگه‌ له‌ بەرەوپێشه‌وه‌بردن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنى ئه‌ده‌بیاتى کورد له‌ سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مدا، به‌تایه‌ت له‌ ئه‌ده‌بیاتی باڵه‌کایه‌تی ١٨٠٠ز تاکو ١٩٠٠، که‌ به‌شێکى زۆرى نوسه‌ر و شاعیره‌ کورده‌کان لێره‌ ژیاون و نوسین و به‌سه‌رهاتیان هه‌بووه‌.

دواتر نوسه‌ر و وه‌رگێر فه‌رهاد چۆمانى، له‌باره‌ى لێکۆڵینه‌وه‌که‌ کورته‌یه‌کى بۆ ئاماده‌بووان باسکرد و ئەوەی خستەڕوو، ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌ریخستووه‌ یه‌که‌م قوتابخانه‌ى کچان و ژنان له‌ باڵه‌کایه‌تى بووه‌ و‌ ده‌ریده‌خات ژنان له‌ باڵه‌کایه‌تى چه‌نده‌ ڕۆڵێکى گرنگ و بایه‌خداریان هه‌بووه‌، که‌ وه‌ک نوسه‌ر هه‌میش وه‌ک نمایشکارى شانۆیی ڕۆڵیان هه‌بووه‌، که‌ ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ده‌ى نۆزده‌م نه‌ک بۆ باڵه‌کایه‌تى، به‌ڵکو بۆ هه‌موو کوردستان کارێکى ده‌گمه‌ن بووه‌.

دواتر له‌ لایه‌ن ئاماده‌بووانەوە باسى لێکۆڵینه‌وه‌که‌ کرا و گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانى لێکۆڵینه‌وەکە ‌کرا، پاشان له‌ لایه‌ن لێکۆڵه‌ر و نوسه‌رى بابه‌ته‌که‌، مه‌راسیمى واژۆکردنى کتێبەکە‌‌ به‌ڕێوه‌چوو.


ک.ک